"پێویستە بگەینە رێککەوتنێکی روون لەسەر ئەرک‌و مافی هەرێم"

وەفدی کوردی لەبەغدا کۆبوونەوەکەیان ئەمڕۆیان تەواو بوو، بڕیارە لەداهاتوودا کۆبوونەوەی تر ئەنجامبدەن، عەبادی بەوەفدە کوردیەکەی وتووە" پێویستە بگەینە رێککەوتنێکی روون لەسەر ئەرک و مافی هەرێمی کوردستان".

بەپێی راگەیاندنی نووسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆکی وەزیرانی عێراق، حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەندی ڕێککەوتوون لەسەر گرتنەبەری ڕێگەچارەی گونجاو بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی قەیرانە داراییەکان و ئەنجامدانی چاکسازی ئابووری.

نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەسەر ئەو کۆبوونەوەیە دەڵێن "دوژمنی هاوبەشمان هەیە و دەیەوێت ناوچەکە وێران بکات و دەبێت هەوڵی هێزە چەکدارەکان و پێشمەرگە بەردەوام بێت بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی دوژمنەکان و هەوڵدان بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەو ناوچانەی لەژێر دەستی دوژمندایە".

ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە کە پێویستە کار بکرێت بۆ ڕێکخستنەوەی داهاتەکانی گومرگ و خاڵە سنوورییەکان و باجەکان بۆ ئەوەی حکومەت بتوانێت سوود لەو داهاتە ببینێت بۆ ئەنجامدانی چاکسازی ئابووری.

نێچیرڤان بارزانیش باسی لە گرنگیی بەردەوامبوونی کۆبوونەوەکان و هەماهەنگی کردووە لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەندیدا بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی قەیرانەکان.

ئەمڕۆ 1/31  شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەت و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت و چەند بەرپرسێکی حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدایان کرد و لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق و بەشێک لە بەرپرسە باڵاکانی حکومەتی عێراقدا کۆبوونەوە.



PM:06:26:31/01/2016