لەکۆبوونەوەی گۆڕان‌و وەفدەکە پێشنیاری پێکهێنانی لیژنەیەک کراوە

کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی کاراکردنەوەی پەرلەمان و بزووتنەوەی گۆڕان، لیژنەکە پێشنیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی نۆ کەسیان کردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی میدیای راگەیاند " لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی کاراکردنەوەی پەرلەمان و بزووتنەوەی گۆڕان پێشنیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی نۆ کەسی کراوە لە کەسانی بەرپرسی نۆ فراکسیۆنە سەرەکییەکەی پەرلەمانی کوردستان".

بەپێی ئەو زانیاریانە ئەو لیژنە نۆ کەسییە بە ئامانجی ئەوە پێکدەهێنرێت کە لیژنەی دانوستانکراو لیژنەیەکی تایبەت بێت بۆ هەر پرسێک رەهەندی نیشتمانی هەبێت، پێش ئەوە بچێتە پەرلەمان لەلایەن ئەو حیزبانەوە تەوافقی لەسەر بکرێت، دواتر بچێتە پەرلەمان.
بەپێی زانیارییەکانی سپی، گۆڕان دروستکردنی هەر جۆرە لیژنەیەکی لەو شێوەیەی بەکارێکی زوو زانییووە بەبێ ئاساییکردنەوەی دۆخی پەرلەمان و گەڕانەوەی وەزیرەکانی گۆڕان.

سەرچاوەکەی سپی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە پارتی هەوڵیداوە هەرچۆنێک بێت گۆڕان راپێچی کۆبوونەوەی هەفتەی داهاتووی لایەنەکان لەگەڵ بارزانی بکات، بەڵام گۆڕان جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە دەبێت بارودۆخی پەرلەمان ئاسایی بکرێتەوەو سەرۆکی پەرلەمان و وەزیرەکان بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان ئەودوا ئامادەی کۆبوونەوە دەبن.

ئەمڕۆ بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لەبارەگای سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی بەرپرسانی ئەو بزووتنەوەیەو لیژنەی کاراکردنی پەرلەمان کۆبوونەوەو وابڕیارە ئەو رایانەی بزووتنەوەی گۆڕان لەلایەن لیژنەکەوە لە کۆبوونەوەی بارزانی لەگەڵ لایەنەکان بخرێتە بەر باس.

بەپێی زانیارییەکانی سپی، وێرانی پێشنیاری ئەو لیژنەیە، پارتی دەیەوێت لەگەڵ هەموو لایەنەکان لەنێویشیاندا گۆڕان بگاتە رێککەوتنێکی نوێ لەئیدارەدانی هەرێم.
   



PM:10:09:03/02/2016