گۆڕان لەسەر کەمکردنەوەی مووچە هەڵوێستی خۆی راگەیاند

بزوتنەوەی گۆڕان هەڵوێستی خۆی لەسەر كەمكردنەوەی موچەی فەرمانبەران رادەگەیاندو دەڵێت" بڕیارەكانی حكومەت باری سەرشانی خەڵكی قورس كردوە، بۆ چارەسەری قەیرانی داراییش پڕۆژەیەك دەدەنە لایەنەكان".

د.شۆڕش حاجی، وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان بە ( میدیای گۆڕان)ی راگەیاند " بڕیارەكانی حكومەت بۆ كەمكردنەوەی موچەی فەرمانبەران، باری سەرشانی خەڵكی قورس كردوە".

ناوبراو لەدرێژەی لێدوانەکەیدا وتیشی "تەنها شتێک کە کراوە، کەمکردنەوەی موچەی هاوڵاتیان و فەرمانبەران بوە، بەڵام وەکو بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ ئەوەین داهات زیاد بکرێت ئەویش لەرێگەی گەڕانەوەی داهاتی نەوت بۆسەر بودجەی گشتی و گێڕانەوە باج بۆ کۆمپانیا حیزبییەکان کە پێشتر باجیان نەدەدا و گرتنە بەری رێوشوێنی گونجاو بۆ گەڕانەوەی ئەو پاڵاوتگە نەوتییانەی لەلایەن حیزب و کۆمپانیا حیزبی و کەسەکانەوە بەڕێوە دەبرێت.

وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەشی خستەڕو، لە چەند رۆژی داهاتودا بزوتنەوەی گۆڕان پڕۆژەیەك بۆ چارەسەری قەیرانی دارایی رادەگەیەنێت و رادەستی لایەنە سیاسییەكانی دەكەن و بۆ رای گشتی بڵاودەكەنەوە.

رۆژی ٢/٣ حکومەتی هەرێم بڕیاری کەمکردنەوەی مووچەی مووچەخۆرانی دەوڵەتی دەکرد کە بۆتە مایەی ناڕەزایەتییەکی فراوانی خەڵک و لایەنەکان.



PM:04:03:05/02/2016