پارتی: د. یوسف دەتوانێت بگەڕێتەوە پەرلەمان‌و وەك عەبدوڵای مەلا نوری تەپڵیش لێبدات

ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی دەڵێت: د. یوسف محەمەد دەتوانێت وەك پەرلەمانتار بگەڕێتەوە‌و هەموو ئیمتازاتی عەبدوڵای مەلانوریش بەكاربهێنێت.

عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە "تۆڕی هەواڵی سلێمانی"ی ڕاگەیاند: عینادیی و کەلـلەڕەقی گۆڕان لەمەسەلەی سەرۆکایەتی ھەرێم، دۆخی ھەرێمیان بە ئێستا گەیاند، عینادییەکەی ئێستاشیان و دانانی ھێڵی سوور لەسەر د. یوسف محەمەد، دۆخی ھەرێم خراپتر دەکات.
 
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی پارتی دەپرسێت، د. یوسف محەمەد بە چ شتێک بۆتە ھێڵی سوور و بەتەنزیشەوە دەڵێت:" ئاخر د. یوسف بەساڵانی پێشمەرگایەتی و زیندانیکردنی لە ئەبوغرێب، بەژمارەی شەھیدەکانی و چەندین جار برینداربوونی لەشەڕەکان و بەو تیۆرو ئیبداعانەی کردوویەتی ھێڵی سورە؟".
 
عەلی عەونی داواش لەبزوتنەوەی گۆڕان دەکات، چارەنوسی خۆی بە د.یوسف محەمەد نەبەستێتەوەو دەرباز بێت لەو مەسەلەیە، ھەڵوێستی حزبەکەشی ئاشکرادەکات و دەڵێت:" پارتی مەرجی پێشوەخت لەگۆڕان بۆ کۆبوونەوە قبوڵ ناکات، ئەگەرنا لەگەڵ یەکێتی و یەکگرتووی ئیسلامی ڕێککەوتن بۆ بەڕێوەبردنی حکومەت دەکەن".
 
سەبارەت بەپەیامیان بۆ سەرۆکی پەرلەمان، کە لە ١٢ی ئەیلولی ساڵی پارەوە بە بڕیارێکی مەکتەبی سیاسی پارتی رێگە لە گەڕانەوەی بۆ ھەولێر گیراوە، عەلی عەونی وتی:"د. یوسف محەمەد دەتوانێت وەک پەرلەمانتارێکی ئاسایی بگەڕێتەوە نەک سەرۆک پەرلەمان".
ئەو سەرکردەیەی پارتی بەتەنزیشەوە وتی:" دەتوانێت ھەموو ئیمتیازاتێکی عەبدوڵڵای مەلا نوری بەکاربھێنێت، وەک تەپڵ لێدان، دەبەگرتنە سەرۆکی پەرلەمان، جنێودان و بوختان و شەڕە بۆکس".



PM:04:40:07/02/2016