"بەئەڵمانیامان راگەیاند ناردنەوەی پەنابەران بەزۆر رەتدەکەینەوە"

 عێراق گەڕانەوەی بە زۆری پەنابەران رەتدەکاتەوەو داوا لە ئەڵمانیا دەکات لەگەڵ تورکیا هەماهەنگی بکات بۆ رێگریکردن لە قاچاخچیەکان.

نوسینگەی رۆژنامەوانی دکتۆر دەرباز محەمەد، رایگەیاند لە کۆبونەوەی وەفدی عێراق لەگەڵ ئەنجێلا مێرکڵ راوێژکاری ئەڵمانیا، پرسی کۆچبەران ئەو هاوڵاتیانە تاوتوێکراوە کە داوای مافی پەنابەرێتی لە ئەڵمانیا و وڵاتانی ئەوروپا دەکەن.

لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، وەفدی عێراق کە دکتۆر دەرباز محەمەدیش بەشدارە تێیدا بە ئەنجیلا مێرکڵیان راگەیاندووە، دەبێت مامەڵەیەکی مرۆییانە لەگەڵ ئەو کۆچبەرانە بکرێت کە داوای مافی پەنابەرێتی دەکەن و بەزۆر ناردنەوەی کۆچبەران بۆ عێراق رەتکراوەتەوە.

نوسینگەی رۆژنامەوانی وەزیری کۆچ و کۆچبەران راشیگەیاند، داوایان لە ئەڵمانیا کردووە، داواش کرا لەگەڵ تورکیا هەماهەنگی بکەن بۆ ئەوەی رێگە لە قاچاخچیەکان بگیرێت کە بازرگانی بە گیانی کۆچبەرانەوە بکات و هەروەها لە رووی سەربازی و مرۆییەوە هاوکاری عێراق بکرێت بۆ ئەوەی ئەو ژمارەی زۆرەی کۆچبەران روو لە ئەڵمانیا و ئەوروپا نەکەن.

لەبارەی ئاوارەکانی ناوخۆی عێراقیشەوە، جەخت لەوە کرایەوە کە عێراق پێویستی بە ئەڵمانیایە، بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان سەقامگیرکردنیان و بۆ ئەو مەبەستەش ئەڵمانیا بڕیاریدا بڕی ٥٠٠ ملیۆن یۆرۆ قەرز بداتە عێراق.


PM:07:46:12/02/2016