زانکۆی سلێمانی لەسەر بایکۆتکردن بەیانێکی ١١ خاڵی بلآودەکەنەوە

زانکۆی سلێمانی جەخت لەسەر بایکۆتکرد دەکاتەوە وەک " ناچارییەک" هاوکات ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن ئەگەر لەسەر بارودۆخی هەرێم پرس و رایان لەگەڵ بکرایە، پێشنیاری باشیان دەبوو.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

لە روانگەی بەرپرسیارێتییەوە بۆ دۆخی ناهه‌مواری ئه‌مڕۆی هه‌رێمی كوردستان و ئاینده‌ی پرۆسه‌ی خوێندنی باڵا، ئەنجومەنی زانكۆی سلێمانی لە كۆبوونەوەی رۆژی یەكشەممەی 14/2/2016 ی جەخت لەسەر چەند خاڵێكی گرنگ دەكاتەوە، كه‌ ئەنجام و بڕیارو تێڕوانینەكان بەم شێوەیە بۆ زانكۆو حكومەتی هەرێم و رای گشتی ده‌خاته‌ روو:


1- ئەنجومەنی زانكۆ جەخت لەسه‌ر داوای رەوای مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندكاران دەكاتەوە، وه‌ك ئه‌وه‌ی لە پەیامەكانی رابردوودا ئاماژه‌مان پێداوه. هه‌روه‌ك جه‌خت له‌و راستییه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌‌ بایكۆتكردنی مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندكاران بایكۆتی پیشەیی و واقعی و ناچارییە نەك دەستكردو سیاسی.


2- ئەنجوومەنی زانكۆ نیگەرانە لە راوەستانی پرۆسەی خوێندن و نادیاری چارەنووسی خوێندكاران، له‌به‌رامبه‌ردا پێویسته‌ حكومەتی هەرێم به‌رپرسیارانه‌ وه‌ڵامی داخوازی ره‌وای مووچه‌خۆران بداته‌وه‌و لەم باروودۆخەدا لانیكەم گوێ لە داواكارییه‌ كارگێڕی و پیشه‌ییه‌كانی زانكۆو مامۆستاو فەرمانبەرو خوێندكاران بگرێت و نییەتی گەشبینی تێدا هەبێت.


3- ئەنجومەنی زانكۆ لەروانگەی هەستكردن بە بەرپرسیارێتی سیاسی و زانستی و ئەمنی و پیشەیی و كارگێڕی و داراییەوەو دوور لە هیچ ئەجێندایەكی سیاسییەوە ده‌ڕوانێته‌ واقعی پرۆسەی خوێندنی زانكۆ.


4- لەم باروودۆخەداو سەرەڕای قەیرانی دارایی و بڕیارەكانی حكومه‌ت بۆ كەمكردنەوەی مووچەی فەرمانبەران و مامۆستایان بەبێ‌ ره‌چاوكردن لە ئەركدا، ئەگەر پرسمان پێبكرایە ئەوا پێشنیازی زۆر زانستیمان دەبوو كە بەداخەوە نەكرا! سەرەڕای ئەوەش سەرۆك و یاریدەدەران و راگرو یاریدەدەرانی راگرو بەرپرسی بەشەكان و بڕیاردەره‌كانیان و بەتەحەمولكردنی ئەم دۆخە ناهه‌مواره‌و بەبێ‌ فشاری هیچ لایەن و ئاراستەیەك، رۆژانە ئەركی خۆیان ئەنجامداوەو بەردەوامن.


5- ئەنجومەنی زانكۆ لە رابردوو، و ئێستاو داهاتوودا پەیام و بڕیاری ئەوەیە، كە دنه‌ی هیچ پرۆسەو چالاكییەكی هاندان نادات بۆ بایكۆتكردنی مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندكاران، بەڵام لەهەمان كاتدا خۆیشی بە دابڕاو دانانێت لە خه‌م و مه‌ینه‌تی و ناخۆشییه‌كانی مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندكارانی زانكۆ، كه‌ به‌هۆی ئه‌م دۆخه‌ ناهه‌مواره‌وه‌ رووبه‌ڕووی بوونه‌ته‌وه‌و كاریگه‌ری خراپی له‌سه‌ر باری ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ژیان و گوزه‌رانیان داناوه‌.


6- ئەنجوومەنی زانكۆ لەسەرەتای پرۆسەی خوێندنی ساڵی 2015-2016 دركی بەمەترسی ئەم دۆخە كردو پێشنیازی گونجاوی ئاراسته‌ی لایەنی پەیوەندیدار كردو لەبەر چه‌ند هۆكارێكی بابەتی و بەرژەوەندی گشتی، هەمیشە جەختی لەبەردەوامبوون لە پرۆسەی خوێندن دەكردەوە، بەڵام دواجارو لەبەر قورسی باردوودۆخەكەو لەرووی دیفاكتۆوە وەك هەموو سێكتەرەكانیتر لە شاری سلێمانی و بەناچاری لە 8/2 هەڵوێستی خۆی راگەیاند، كە چیتر ناتوانێت تەحەموولی ئەم بارودوخە بكات.


7- ئەنجوومەنی زانكۆ، مامۆستاو فەرمانبەرو خوێندكارانی سەرپشك دەكات لە بەردەوامبوون بەدەوامكردن، یان هەڵبژاردنی هەر شێوازێكی مەدەنیانە بۆ گوزارشتكردن له‌ داخوازییە پیشەییە رەواكانیان.


8- ئەنجومەنی زانكۆ، مامۆستایان و خوێندكارانی ئەو كۆلێژانەی تا ئێستا تاقیكردنەوەی وه‌رزی یەكەمیان ئەنجام نەداوە، یان لە نیوەدا جێیانهێشتووە سەرپشك دەكات بۆ ئەنجامدانی تاقیكردنەوەكانیان بەڕەچاوكردنی واقعی ئێستاو دۆخی مامۆستایان و ئاینده‌ی خوێندكاران، پاش راوێژو هه‌ماهەنگی لەگەڵ بەش و كۆلێژەكانیان.


9- ئەنجوومەنی زانكۆ، پشتیوانی داواو رای راستەقینەو یاسایی و پیشەیی نوێنەرایەتی مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندكاران ده‌كات و جەخت لەسەر ره‌وایی خواست و داواكارییەكانیان دەكاتەوە، لەو سۆنگه‌یه‌وه‌ كه‌ ئەوان نوێنەری راستەقینەی ئەو توێژانەن و هەڵبژێردراوی راستەقینەو یاسایی ئەوانن و داكۆیكاری مافه‌كانیان لە ئەنجومەنی زانكۆدا.


10- ئەنجوومەنی زانكۆ، داوا لە بەرپرسان و لایەنە سیاسییەكانی شاری سلێمانی ده‌كات، لە پێناو بەرژەوەندی هەرێمی كوردستان بەگشتی و شاری سلێمانی و دەورووبەری بەتایبەتی، كه‌ وتاری میدیاییان هێورتر بكەنەوە، به‌جۆرێك دوور بێت لە گیانی وروژاندن و ململانێی حزبی و ئەجێندای سیاسی، كە دواجار هەمووان پێكەوە زەرەرمەندی سەرەكی ئەبین.


11- ئەنجوومەنی زانكۆ، داواكاری بۆ مامۆستایان و خوێندكاران و فەرمانبەرانی خۆی بەتایبەتی و لایەن و فەرمانگەو فەرمانبەرانی شاری سلێمانی بەگشتی هەیە، سەرەڕای داخوازییە پیشەیی و مەدەنییە رەواكانیان، پێویستە دۆخەكە بە گیانی بەرپرسیارێتییەوە تەماشابكەن و دژو دووربن لە هەر كردەوەیەكی نەخوازراوی شێواندنی باروودۆخی ئەمنی شارەكە.


لە كۆتایداو وێڕای جەختكردنەوەمان لە ناوه‌ڕۆكی پەیامەكانی پێشوومان، ده‌توانین دڵنیایی بده‌ین كه‌ ئەنجومەنی زانكۆو ته‌واوی مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندكاران بە دیدی بەرپرسیارێتییەوە ده‌ڕواننه‌ دۆخەكە، چونكه‌ له‌وه‌ تێده‌گه‌ین، كه‌ هەمووان لەیەك كەشتیداین، ئەگەر هەر هەنگاو و تروسكاییەكی گەشبینانە بۆ داخوازییە رەواكانمان هەبێت ئەوا بێگومانین بەبێ هیچ كێشەو ئاسته‌نگێك ئەم ساڵی پرۆسەی خوێندن به‌رده‌وامی ده‌بێت و تەواو ده‌كرێت.

دروودو نەمری بۆ شەهیدانی كوردستان و سەربەرزی بۆ خانەوادەی شەهیدان

سوپاس بۆ خۆراگری مامۆستایان وفەرمانبەران وخوێندكاران

ئەنجومەنی زانكۆی سلێمانی
14/2/2016



PM:09:45:14/02/2016