پەكەكە: رێگە نادەین هەرێمی كوردستان هەناردەی غازی سروشتی بكات

پارتی كرێكارانی كوردستان رایدەگەیەنێت رێگە بەوە نادات بۆری غازی سروشتی هەرێم بەخاكی باكوری كوردستاندا بگاتە دەست توركیا.

پاش ئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند تا كۆتایی 2017 یان 2019 هەناردەی غازی سروشتی لە رێگەی بۆرییەوە بۆ توركیا بكات، لەبەرامبەردا دەمهات عەگید، وتەبێژی فەرمی پەكەكە بە "تۆڕی هەواڵی سلێمانی" راگەیاند: ئەوان ڕێگەنادەن ئەو بۆریە غازە بەباکوری کوردستاندا تێپەڕبێت.
 
سەبارەت بەھۆکاری ئەو بڕیارە، وتەبێژی فەرمیی پەکەکە وتی:"حکومەتی ھەرێم و بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان، دەیەوێت بەھەرچی شێوازێکە خزمەتی دەوڵەتی تورکیاو حزبەکەی ئەردۆغان بکات، ئەوەش لای ئێمە قبوڵ نییە".
 
زیاتر لەوبارەیەوە وتەبێژەکەی پەکەکە ڕایگەیاند، "پارتی دەیەوێت بۆریە غازەکە بەخاکی باکوری کوردستاندا تێپەڕبکەن و بیگەیەننە تورکیا، ئەوکاتیش ئەوە دەبێتە پشتیوانیەکی دارایی بەھێز بۆ تورکیاو پارتی دەسەڵاتدار، بۆیە ھەرگیز ئێمە ڕێگە بەوە نادەین".
 
دەمھات عەگید باسی ڕەوشی ڕۆژئاوای کوردستانی کردو ئاماژەی بەوەدا، ئێستا لەباکوری کوردستان کۆمەڵکوژی لەلایەن دەسەڵاتی تورکیاوە جێبەجێدەکرێت، ڕەوشی ڕۆژئاواش ئاڵۆزە، بۆیە لەوکاتەدا بەبێ پرس و ڕاوێژ بەلایەنە سیاسیەکانی باکور، ئەوان وەکو پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ڕێگە بەھەناردەی غازی سروشتی ھەرێم بۆ تورکیا نادەن.
 
سەبارەت بەو ڕەخنانەش کە بەھۆی ئەو ھەڵوێستەوە دەبێت چاوەڕوان بکرێت لێیان بگیرێت، دەمھات وتی:"ئێمە دژی بەرژەوەندیەکانی خەڵکی باشوری کوردستان نین، دەبێت ھەمولایەک ئەوە بزانن، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان دەیەوێت بەو ڕێگەیانە زیاتر دەستی پارتی دادو گەشەپێدان (ئاکپارتی) کراوەتر بکات لەکۆمەڵکوژیەکانی گەلی کورد لەباکوری کوردستان".
 
زیاتر وتی:"ھەرکەس کورد بێت، لەھەموو ئەو ڕاستیانە تێدەگات کە ئێمە باسی دەکەین، بۆیە چەندبارەی دەکەینەوە ڕێگە بەتێپەڕبونی غازی سروشتی ھەرێم لەدیوی باکورەوە نادەین بۆ تورکیا".
 
وتەبێژی پەکەکە ھێمای بەوەشکرد، ئەوان وەکو قەندیل پێیانوایە، سەرجەم ئەو پرسە بازرگانیانەی ھەرێم بەتایبەت پارتی لەگەڵ تورکیا ھەیەتی، زیانی گەورەی لەگەلی کورد لەباکوری کوردستان داوە، پێشیانوایە، ھەر کوردێکی ڕاستەقینە بەباشی لەو ڕاستیە تێدەگات و ھیچ نیگەرانیەکی لەلا دروستنابێت.
 
دەمھات عەگید باسی پرسی ڕۆژئاوای کوردستانیشی کردو ئاماژەی بەڕێگریەکانی ھاتوچۆ کرد لەنێوان باشورو ڕۆژئاوادا، ئەو دەڵێت:"لەلایەکی تریشەوە تەماشا بکەن، لەگەڵ ڕۆژئاوای کوردستان تەنانەت ھاتوچۆی مرۆڤەکانیش لەلایەن پارتیەوە بەناوی حکومەتی ھەرێم قەدەغەکراوە نەک ئاڵوگۆڕی بازرگانی، لەکاتێکدا ڕۆژئاوا ھەرێمێکی کوردیە، "بۆیە ڕێگە بەتێپەڕبونی غازی سروشتی ھەرێم نادەین بەخاکی باکوری کوردستاندا".



PM:02:09:17/02/2016