"بێدەنگی نەوشیروان مستەفا نەفەس درێژیی و ئارامگرتنه‌"

پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی پێیوایە ئێستا كە مەسعود بارزانی‌و نەوشیروان مستەفا‌و د. یوسف محەمەد لە ئەوروپا، کاتێکی گونجاوە بۆ لەیەک نزیکبونەوەو کۆتاییھێنان بەکێشەکان.
 
زانا ڕۆستایی لەپەیجی تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نوسیویەتی:"لەو ئەوروپایەی کە نمونەی پێکەوەژیان و دیموکراسیەت و سەروەری یاسایە, لەو ژینگەیەدا دەرفەتێکی باشە ئەگەر ناوبژیوانێکی ئەوروپی لەوانەی بارودۆخی کوردستانیان بەلاوە گرنگە، ھەوڵێکی لەیەک نزیکردنەوەیان بدەن و کێشەکانیان بۆ چارەسەربکەن".
 
 لە نوسینەكەدا هاتووە: "لەو بڕوایەدام مەسعود بارزانی و نەوشیروان دەتوانن ڕێکبکەون و کێشەکان چارەسەربکەن و بەیەکەوە کاربکەن بۆ دەربازبون لەقەیرانەکانی تر".
 
ڕۆستایی باسی بێدەنگی نەوشیروان مستەفا دەکات و پێیوایە، نەدانی ھیچ لێدوانێک و بێدەنگیەکانی لەبارەی قەیران و تۆمەتەکان کە دراونەتە پاڵی، "فاکتەرێکی باشە بۆ ڕێککەوتن، ئەو بێدەنگیەی نەوشیروان مستەفاو وەڵامنەدانەوەی تەشھیرو تۆمەتەکان، بەڵگەیە لەسەر نەفەس درێژیی و ئارامگرتن".
 
پەرلەمانتارەکەی کۆمەڵی ئیسلامی باس لەوەشدەکات، فاکتەرێکی تر بۆ ڕێککەوتنی پارتی و گۆڕان بریتیە لەوەی، کە پارتی لەکاردانەوەی کۆبونەوەی پەرلەمان و خۆپیشاندانەکانی قەڵادزێ کاری خۆیکرد بەوەی کە پەرلەمانی پەکخست و نەیھێشت سەرۆکی پەرلەمان بگاتە ھەولیرو وەزیرو بەڕێوەبەرە گشتیەکانی گۆڕانیشی ناردنەوە ماڵەوە.
 
بەبۆچونی ڕۆستایی، حەوت مانگ بەسە بۆ ئەو ھەڵوێستەی پارتی کە پێویست نەبوە ئەوەندەش بخایەنێت، نوسیویەتی:"دەی فەرمون ئێستا ڕێکبکەونەوەو بارودۆخەکە ئاسایی بکەنەوە".
 
بەتەنزەوە ڕۆستایی پەیامێک ئاراستەی سەرکردەی یەکەمی حزبەکان دەکات و دەڵێت:"خۆ ئێوە ئەزمونتان زۆرەو مێژوتان خوێندۆتەوە، ئێوە بەرزیی و نزمی و خۆشی و ناخۆشی زۆرتان بینیوە، خۆ ئێوە زۆر لەئەوروپا ژیاون، ئایا دەتانەوێت ئەو ھەرێمەو خەڵکی کوردستان بەرەو کوێ بەرن؟!".
 
دەشڵێت:"کوا لەخۆبوردویی و گیانی شۆڕشگێڕیتان؟ کوا برایەتی و کوردایەتیتان؟؟ ھەرگوێ لەوتارەکانی خۆتان ڕابگرنەوە بزانە چیتان وتوە؟! ئەو میللەتە خێر لەخۆنەدیوە چیتر مەکەنە قوربانی جیاوازیە سیاسیەکانتان، یەکتر قبوڵبکەن و دان بەکەموکوڕیەکانتاندا بنێن و دەست لەملی یەک بکەن.



PM:02:08:20/02/2016