بۆنەیەكی كۆمەڵایەتی بەرهەم ساڵح‌و كوڕەكانی تاڵەبانی‌و كۆسرەت كۆدەكاتەوە

نیوەرۆی ئەمرۆ لەماڵی سامان گەرمیانی، هەریەك لە بەرهەم ساڵح ‌و باڤڵ كوڕە گەورەی تاڵەبانی‌و شاڵاوی كۆسرەت رەسوڵ‌و چەند ئەندامێكی سەركردایەتی كۆبوونەوە.

ئەو بۆنە كۆمەڵایەتییە كە نیوەرۆی ئەمرۆ 20/2 لە ماڵی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی سامان گەرمیانی لە گەڕەكی قولەڕیسی لە رۆژئاوای سلێمانی بەڕێوەچوو، هەرچەندە بۆنەیەكی میوانداریی بووە، بەڵام ماوەیەكە هەست دەكرێت پەیوەندی نێوان باڵە جیاجیاكانی ناو یەكێتی جۆرە باشبوونێكی پێوە دیارە.

رۆژی 11/2/2016 پاش ماوەیەكی زۆر لە دابڕان مەكتەبی سیاسی یەكێتی بە سەرپەرشتی كۆسرەت رەسوڵ جێگری یەكەمی سكرتێری گشتیی‌و بە بەشداریی بەرهەم ساڵح جێگری دووەمی سكرتێری گشتی‌و هێرۆ ئیبراهیم كۆبوونەوە‌و لەسەر بارودۆخی خراپی ئابوریی هەرێم‌و گوزەرانی خەڵك گفتوگۆیان كرد.

پێشتریش  بۆنەیەكی كۆمەڵایەتی دیكە كە پرسەی كۆچی دوایی شێخ جەنگیی برای تاڵەبانی بوو لە شاری كۆیە، باڵە جیاجیاكانی یەكێتی كۆكردەوە.

ئێستا كار دەكرێت بۆ ئەوەی كۆبوونەوەیەكی سەركردایەتی یەكێتی ساز بكرێت.


وێنەكە لە ئەكاونتی كادیری پێشكەوتووی یەكێتی چەتۆ ساڵح وەرگیراوە.



PM:03:51:20/02/2016