په‌که‌که‌:ته‌قاندنه‌وه‌ی بۆری نه‌وتی هه‌رێم هیچ په‌یوه‌ندی به‌ئێمه‌وه‌ نییه‌

وته‌بێژی که‌جه‌که‌ رایگه‌یاند " حکومه‌تی هه‌ریم ده‌یه‌وێت کێشه‌و قه‌یرانه‌کانی بخاته‌ ئه‌ستۆی په‌که‌که‌، له‌کاتێکدا ته‌قاندنه‌وه‌ی بۆری نه‌وتی هه‌رێم – جیهانی تورکی هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی به‌ئێمه‌وه‌ نییه‌".

دەمهات عەگید وتەبێژی کەجەگە بە میدیاکانی نزیک په‌که‌که‌ی ڕااگەیاند" تەقاندوەی بۆریە نەوتەکە هیچ پەیوەندییەکی بە ئەوانەوە نییە".
عه‌گید وتوویه‌تی "حکومەتی هەرێم بۆچونەکانی ئێمە پێچەوانە و چەواشە دەکەن وای نیشان دەدەن گوایە ئێمە دژی خەڵکی کوردستان و قوتی خەڵکین."

ئه‌و به‌رپرسی که‌جه‌که‌ ده‌لێت" حکومه‌تی هه‌رێم خۆی لە قەیراندایە و موچەی خەڵک نادات ئەوەش هیچ پەیوەندیەکی بە تەقاندنەوەی بۆری نەوتەوە نیی".

ماوه‌ی حه‌وت رۆژه‌ بۆری نه‌وتی هه‌رێمی کوردستان – جیهان ته‌قینراوه‌ته‌وه‌و به‌پێی قسه‌ی سه‌فین دزه‌یی چوار ده‌وره‌که‌شی مینرێژکراوه.

بۆزانینی رای زیاتری په‌که‌که‌، سپی ده‌قی ئه‌و چاوپێکه‌وتنه‌ بلآوده‌کاته‌وه‌ که‌ رۆژنیوز له‌گه‌ڵ وته‌بێژی که‌جه‌که‌ ده‌مهات عه‌گیدا سازیکردبوو:


وتەبێژی کاری دەرەوەی کەجەکە ڕادەگەیەنێت، کە قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان پەیوەندی بەتەقاندنەوەی بۆری نەوتی کوردستانەوە نیە و لە ڕێی ڕۆژنیوزەوە وەڵامی لێدوانەکانی حکومەتی هەرێمی لەوبارەیەوە ده‌داته‌وه‌ و دەڵێت: ڕێکەوتنی نەوت و غازی سروشتی پەیوەندی بە بەرژەوەندی نەتەوەییەوە هەیە و دەبێت خزمەت بەو پرسە بکات.

وتەبێژی کاری دەرەوەی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) دەمهات عەگید، دەربارەی ئەو دەنگۆیانەی لەلایەن چەند بەرپرسێکی حکومی و حزبی هەرێمی کوردستان و ڕاگەیاندنەکانی پارتی بڵاوکرایەوە گوایە پەکەکە بۆری نەوتی کەرکوک و تورکیای تەقاندوەتەوە بۆ ڕۆژنیوز دوا.


عەگید، وتی: چەند ڕۆژێکە ئێمە چاودێری ئەو هەواڵانە دەکەین، تەقانەوەی هێڵی نەوتی لە رحا (ئورفە) هیچ پەیوەندیەکی بەئێمەوە نیە، هێزەکانمان شتێکی لەو شێوەیەیان نەکردووە، نازانین کێ شتی وای کردووە.

عەگید، دەربارەی لێدوانەکانی کەجەکە کەلە 17.02.2016 دابووی بۆ ئاژانسەکەمان رۆژنیوز وەها دوا:" لێدوانەکەی ئێمە لەوبەروارەدا لەبارەی ڕێکەوتنەکانی تورکیا و حکومەتی هەرێم بوو، بەتایبەت لە ئێستادا کە تورکیا بەئاشکرا دوژمنایەتی گەلی کورد دەکات، ئەو جۆرە پەیوەندیەی حکومەتی هەرێم و ده‌وڵه‌تی تورکیا خزمەت بە بەژەوەندی نەتەوەیی ناکات، زیانی پێدەگەیەنێت، من بۆچونەکانم دووبارە دەکەمەوە، بەڵام حکومەتی هەرێم دەچن بۆچونەکانی ئێمە پێچەوانە و چەواشە دەکەن، وای نیشان دەدەن گوایە ئێمە دژی خەڵکی کوردستان و قوتی خەڵکین، ئەو قسانە ڕاست نیە، لەگەڵ ئەوەی ئێمە ئەو بۆریە نەوتانەشمان نەتەقاندوەتەوە، بەڵام حکومەتی هەرێم خۆی لە قەیراندایە و موچەی خەڵک نادات، ئەوەش هیچ پەیوەندیەکی بە تەقاندوەی بۆری نەوتەوە نیە".


ناوبراو، وتیشی: ئەو قەیرانە دروستکراوە و بەردەوامە، دەیانەوێت وای نیشان بدەن کە قەیرانەکان بەهۆی تەقاندنەوەی بۆریە نەوتیەکانەوە درووستبووە، ئێمەش دەپرسین ئەگەر وایە بۆ چەندێکە پێش تەقاندنەوەی ئەو بۆریە نەوتانە موچەی خەڵکی نادەن؟ لەراستیدا ئەوان دەیانەوێت کێشە و قەیرانەکان بخەنە ئەستۆی پەکەکە، دەیانەوێت قەیرانی سیستم و سیاسی و ئابووریەکانی ناوخۆیان بخەنە ئەستۆی ئێمە، ئێمە ئەو هەڵوێستەیان بەڕاست نابینین و ڕەخنەی دەکەین.

لە بەردەوامی لێدوانەکەیدا دەمهات عەگید باسی لەوە کرد، کە ڕێکەوتنی نەوت و غازی سروشتی پەیوەندی بە بەژرەوەندی نەتەوەییەوە هەیە و دەڵێت:" ئەگەر ئەو پەیوەندیە خزمەت بەبەرژەوەندی نەتەوەیی بکات ئەوان ئێمە کێشەمان لەگەڵ هیچ کەسێک نیە، دۆخێکی وەها نیە کە ئێمە قوتی گەلەکەمان لە باشووری کوردستان ببڕین، گەلەکەمانیان غەرقی قەیرانی ئابووری کردووە، لەجێی قوڵکردنەوەی پرسەکان ئێمە دەمانەوێت بزانین ئەو شتەی خزمەت بەکێ دەکات و لانەی کەم زیان ناگەیەنێت باکوری کوردستان گەرەنتی بکەین، ئێمە لەو باوەڕەدان دەتوانین لەڕێی دیالۆگەوە ئەو بابەتە چارەسەربکەین و چارەسەری نەتەوەیی بۆ کێشەکان بدۆزینەوە".

دەمهات عەگید لەسەر پرسی ئایا پارە و داهاتی نەوت و غاز بۆ کوێ دەچێت وتی:" ئەگەر ئێمە بزانین ئەو ڕێکەوتنەی لەنێوان حکومەتی هەرێم و تورکیا کراوە زیان بەگەلەکەمان لە باکوری کوردستان ناگەیەنێت و داهاتی ئەو نەوتە بەڕاستی بۆ خزمەتی گەلەکەمانە لە باشووری کوردستان، ئێمە هەرگیز دژایەتی ناکەین، بەڵام وەک دیارە هەموو ڕۆژێک گەلەکەمان لە باکوری کوردستان ڕوبەڕووی کۆمەڵکوژی دەبنەوە، گەلەکەمان لەلایەن پۆلیسەکانی ئاکەپەوە شەهید دەکرێن، لەباشووری کوردستان، قەیران هەیە و گەلەکەمان لەوپارچەیەی کوردستان بێزار بوون، لەم حاڵەتەدا ئێمە مافی ئەوەمان هەیە بپرسین، ئایا پارەی ئەو داهاتە بۆ کوێ دەچێت؟ بەڕاستی ئێمە دەزانین کە ئەو پارەیە بۆ بەرژەوەندی گەلەکەمان خەرج ناکرێت، لەبەر ئەوەی هیچ شتێک نادەنە خەڵک، ئێمەش بەئاشکرا دەڵێین کە دژی ئەو دۆخەین کە خوڵقێندراوە".

وتەبێژی کاری دەرەوەی کەجەکە دەمهات عەگید لەبارەی هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕۆژنیوزی وت:" لەم دۆخەکەدا کە لەباکوور لە جزیرە و سلۆپی و زۆر جێگای باکوری کوردستان، کۆمەڵکوژی پێکدێت، هیچ بەرپرسێکی حکومەتەی هەرێم نایەتە دەنگ و شتێک ناڵێت، هەتا نایانەوێت ئەو دۆخە ببینن و هەڵدەستن پرسی نەوت دەخەنە ڕۆژەڤەوە، ئەوان دەیانەوێت ڕاستی دۆخەکە و کێشەکان چەواشەبکەن، ئێمە باش دەزانین کە گەلەکەمان لە باشووری کوردستان لەوبارەیەوە هۆشیارە، باهەرکەس باش بزانێت ئێمە هیچ هەڵویستێک نیشان نادەین کە زیان بە گەلەکەمان لە باشووری کوردستان بگەیەنێت.





PM:12:49:24/02/2016