رۆیتەرز، NRT، كەجەكە: بۆری نەوتی هەرێم - جیهان نەتەقێنراوەتەوە

هەر یەك لە ئاژانسی جیهانیی رۆیتەرز‌و پەیامنێری NRT لە ئۆرفە‌و وتەبێژی كەجەكە، بە شێوەی جیاجیا رەتیدەكەنەوە كە بۆری نەوتی هەرێمی - جیهان تەقیبێتەوە، لەكاتێكدا وتەبێژی حكومەتی هەرێم دەڵێت تەقیوەتەوە‌و مینڕێژ كراوە.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز رایگەیاند بۆری نەوتی هەرێم - جیهان نەتەقێنراوەتەوە‌و لەلایەن توركیاوە هەناردەی نەوتی هەرێم راگیراوە بەهۆی ئەو شەڕ‌و توندوتیژییانەی لە باكوری كوردستان لە ئارادایە.

هاوكات ئەمرۆ كەناڵی  NRT بڵاویكردەوە كە پەیامنێریان چووتە شاری ئۆرفە لە باكوری كوردستان‌و ئەوەی ئاشكرا كردوە كە ئاسەواری تەقینەوەی بۆرییە نەوتەكەی هەرێم دیار نیە‌و نەتەقێنراوەتەوە.

هەر لەم پەیوەندەدا دەمهات عەگید، وتەبێژی كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) رایگەیاند: تەقاندوەی بۆریە نەوتەکە هیچ پەیوەندییەکی بە ئەوانەوە نییە‌و دەڵێت "حکومەتی هەرێم بۆچونەکانی ئێمە پێچەوانە و چەواشە دەکەن وای نیشان دەدەن گوایە ئێمە دژی خەڵکی کوردستان و قوتی خەڵکین."

ئەم لێدوانانە لەكاتێكدایە كە سەفین دزەیی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاندبوو "\بۆری نەوتی هەرێم ماوەی هەفتەیەکە تەقێنراوەتەوەو چوار دەورەکەی مینرێژکراوە".



PM:01:49:24/02/2016