شاناز ئیبراهیم: ناکرێ لەم کاتەدا گاڵتە بە خەڵکی کوردستان بکەین

ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت: ناکرێ لەم کاتەدا گاڵتە بە خەڵکی کوردستان بکەین، بەڵام ئەگەر دۆخەکە ئاسایی بوویەوە، ئەو کاتە ھەنگاونان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی، بە کارێکی باش دەزانم.

 شاناز ئیبراھیم ئەحمەد، بەرپرسی ڕێکخستنەکانی دەرەوە و ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە (باسنیوز)ی نزیك لەمەسرور بارزانی ڕاگەیاند: ”دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی، خەونی خودی خۆمە و من دژی دەوڵەتی کوردی نیم تاوەکو حەز نەکەم ئەو دەوڵەتە ڕابگەیەندرێت". گوتیشی: "کەس ھەیە پێی خۆش نەبێت دەوڵەتی کوردی ڕابگەیەندرێت؟ بێگومان ھەموو کوردێک حەز دەکات دەوڵەتێکی سەربەخۆی ھەبێت".

 بە گوتەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، ئەم دۆخەی ئێستای کوردستان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی نابێت و دەڵێت: ”ناکرێ لەم کاتەدا گاڵتە بە خەڵکی کوردستان بکەین، بەڵام ئەگەر دۆخەکە ئاسایی بوویەوە، ئەو کاتە ھەنگاونان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی، بە کارێکی باش دەزانم،  چونکە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی خەونی گەنج و پیر و منداڵ و ھەموو هاووڵاتییەکی ئەم کوردستانەیە". باسیش لەوە دەکات کە ئەو خەون بە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی دەبینێت.



PM:03:08:25/02/2016