هەنگاوی کرداری بۆ پرۆسەی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ دەستیپێکرد

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران ئامادەکارییەکانی بۆ ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنی موسڵ و دەستپێکرد و پلانی لە خۆگرتنی ئاوارەکان دانراوەو زانیاری لەبارەی ناوچەکانی ژێر دەستی داعشەوە ئاشکرا دەکات.

نوسینگەی رۆژنامەوانی دکتۆر دەرباز محەمەد وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق کە هاوکات سەرۆکی لیژنەی باڵای فریاکەوتن و داڵدەدانی ئاوارەکانە رایگەیاند، پلانێکی گشتگیریان بۆ پێشوازی لە ئاوارەکان داناوە لەو رێگایانەوە کە لە لایەن هێزە ئەمنیەوە دەکرێتەوە لەکاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا.

هەر لەسەر ئامادەکارییەکانی وەزارەتی کۆچ بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ، دکتۆر دەرباز محەمەد سەرۆکی لیژنەی باڵای فریاکەوتن و داڵدەدانی ئاوارەکان لەگەڵ لیوا روکن نەجمەدین جبوری فەرماندەی پرۆسەکانی نەینەوادا کۆبوەوە و  هەنگاوەکانی پرۆسەکە و پلانەکان تاوتوێکران.

نوسینگەی رۆژنامەوانی وەزیری کۆچ ئاماژەشی بۆ ئەوەکردووە، بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان پلانیان بۆ لە خۆگرتنی خێزانە ئاوارەکان و دابینکردنی پێداویستیە بنەڕەتیەکانشیان داناوە.

ئاشکراشیکرد، ئێستا نزیکەی دوو ملیۆن کەس لە شاری موسڵ و ناوچەکانی ژێر دەستی داعشدان لە پارێزگای نەینەوا، کە بەپێی پێشینیەکانی وەزارەتەکە پێدەچێت نزیکەی ٥٠٠ بۆ ٨٠٠ هەزار کەسی دیکە ئاوارە ببن لەکاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا ئەویش بەپێی ئاست و ماوەی پرۆسەکە دەگۆڕێت.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران، پێشتر نزیکەی میلیۆنێک و ٢٥٠ هەزار کەس لە پارێزگای نەینەوا ئاوارە بوون کە زۆرینەیان ئێستا لە پارێزگای دهۆکن.


PM:06:13:26/02/2016