سپی وردەكاریی كۆبوونەوەیەكی نهێنی یەكێتی‌و پارتی ئاشكرا دەكات

لەسەر بارودۆخی سیاسی هەرێم‌و پەیوەندییەكانی نێوانیان، یەكێتی‌و پارتی كۆبوونەوەیەكی نهێنی لەماڵی كۆسرەت رەسوڵ لەهەولێر سازدەكەن.

سەرچاوەیەكی ئاگادار بە سپی رایگەیاند دوای كۆبوونەوەی 11/2ی مەكتەب سیاسی یەكێتی كە هەردوو باڵە ناكۆكەكەی یەكێتی تێیدا بەشداربوون، كۆبوونەوەیەك لەنێوان پارتی ‌و یەكێتی لەماڵی كۆسرەت رەسوڵ لەهەوڵیر سازكراوە.

بەپێی زانیارییەكانی سپی، لەلایەن پارتییەوە نێچیرڤان بارزانی‌و لە لایەن یەكێتیشەوە كۆسرەت رەسوڵ‌و مەلا بەختیار ئامادەی كۆبوونەوەكە بوون.

سەرچاوەكەی سپی ئاماژەی بەوەكرد كە لەو كۆبوونەوەیەدا یەكێتی بە راشكاوانە بە پارتی راگەیاندوە كە بە بێ ئاساییكردنەوەی بارودۆخی پەرلەمان یەكێتی ئامادەنیە هیچ جۆرێك رێكەوتنێك لەگەڵ پارتیدا بكات.

لەو كۆبوونەوەیەدا نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوە كردوە كە پرسی ئاساییكردنەوەی بارودۆخی پەرلەمان بۆ پێش 12/10 (رۆژی رێگریكردن لەسەرۆكی پەرلەمان بۆ هەوڵیر)، لەدەسەڵاتی مەسعود بارزانیدایە.

بەپێی زانیارییەكانی سپی، ئێستا یەكێتی نیشتمانی كوردستان چاوەڕوانی بڕیاری مەسعود بارزانی دەكات لەسەر ئاساییكردنەوە بارودۆخی پەرلەمانی كوردستان.

لە كۆبوونەوە 11/2ی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا كە هەردوو باڵە ناكۆكەكەی یەكێتی تێدا بەشداربوون رێكەوتن لەسەر ئەوەی  كە دەبێت بارودۆخی پەرلەمانی ئاسایی بكرێتەوە.



PM:02:46:27/02/2016