پارتی سوورە لەسەر لادانی د. یوسف محەمەد لەسەرۆکی پەرلەمان

سەرکردایەتی پارتی سوورە لەسەر لادانی د. یوسف محەمەد لەسەرۆکی پەرلەمان، بەلآم ئاساییە ئەو پۆستە لای گۆڕان بێت و کەسێكی تری بۆ دابنرێت.

دوێنی ٢/٢٧ سەرکردایەتی پارتی بەسەرپەرشتی مەسعود بارزانی کۆبوونەوەی دووەمی خۆی لەماوەی ١٠ رۆژدا سازکرد، بەپێی ئەو زانیاریانەی لەسەر چاوەیەکی نزیک پارتیەوە دەست سپی کەوتووە، پارتی زۆر نیگەرانە لەگۆڕان و هەڵوێستی خۆی لەسەر ئەو بزووتنەوەیە توندتر دەکاتەوە.

نیگەرانی پارتی لە گۆڕان بە پێی زانیارییەکانی سپی دەگەرێتەوە بۆ ئەو چالاکی و خۆپیشاندانانەی لایەنگرانی گۆڕان لەکاتی سەردانەکەی بارزانی بۆ ئەڵمانیا لەبەردەم هۆڵی کۆبوونەوەکاندا دژی سازیان کرد، بەشێکی تری نیگەرانییەکانی پارتی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو راپۆرتانەی کەناڵی KNN لەسەر بارزانی و پارتی ئەنجامی دەدات.

سەبارەت بەرای پارتی لەسەر بارودۆخی پەرلەمان، بەپێی زانیاریەکانی سپی لەکۆبوونەوەی دوێنێدا گفتوگۆ لەسەر سێ پێشنیار کراوە، پێشنیارێکیان بەو شێوەیە بووە کە بەهیچ جۆرێک پارتی مامەڵە لەگەڵ نەوشیروان مستەفاو گۆڕان و د. یوسف محەمەدا نەکات، پێشنیاری دووەمیش ئاسایی کردنەوەی بارودۆخی پەرلەمان و گەڕانەوەی د. یوسف محەمەدە بۆ راپەراندنی کارەکانی وەک سەرۆکی پەرلەمان، پێشنیاری سێهەمیشیان، مامەڵەکردنە لەگەڵ گٶران، بەبێ مامەڵەکردن لەگەڵ نەوشیروان مستەفا، لەم پێشنیارەدا پارتی دەیەوێت مامەڵە لەگەڵ گۆڕان بکات و پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بداتەوە بەگۆڕان، بەو مەرجەی پۆستەکە نەدرێتەوە بە د. یوسف محەمەد، بەڵکو گۆڕان کەسێکی تر بۆ ئەو پۆستە پێشنیار بکات.

بەپێی زانیارییەکانی سپی، بۆ جێبەجێکردنی پێشنیاری سێهەم بارزانی و مەکتەبی سیاسی پارتی لەگەڵ مەکتەبی سیاسی یەکێتی کۆدەبنەوە، لەو کۆبوونەوەیەدا پارتی داواش دەکات لە یەکێتی دەستکاری کابینەی ئێستای حکومەتی بکرێت و پێگەی یەکێتی بەهێزبکرێت و چەند پۆستێکی وەزاری تر بدرێت بەو حیزبە.



AM:09:19:28/02/2016