هەندڕێن گەڕایەوە سەرکەوتنەکانی

 لە میانی یارییەکانی گەڕی دەیەمی خولی نایابی فاستلینکی کوردستان یانەی هندرێن لەسەر یاریگای خۆی میوانداری یانەی زێرەڤانی کرد و یارییەكەشی بە گۆڵێكی بێ وەڵام لێ بردەوە.


بردنەوەی یارییەكە بۆ هەردوو یانە پێویست بوو، زێرەڤانی بەهۆی ئەوەی پاڵەوانی ٣ وەرزی رابردووی خولەکەیە نەیدەویست لە رکابەرییەکانی سەرکەوتن داببڕێت، یانەی هندرێنیش لە خوارەوەی ریزبەندییە و بە بردنەوەی هیوای بۆ دەگەڕایەوە بۆیە یارییەکە بە توندونیژییەوە بەڕێوەچوو.


 ناوبژیوانی یارییەکەش ناچاربوو چەندین جار کەرتی زەرد بە رووی یاریزانان بەرزبکاتەوە.


گێمی یەکەمی یارییەکە بە ئاست و ئەنجام لە بەرژەوەندی یانەی هندرێنی خاوەن ماڵ بوو کاتێ هاوڕێیانی راهێنەر دلشاد مەعروف نیو کاتژمێر چاوەڕوان بوون کاتێ یاریزان بیلال یوسف یانەکەی بە گۆڵێکی جوان پێشخست.


 لە کۆتاییەکانی گێمی یەکەمدا خەریک بوو زێرەڤانی ئەنجامەکە لە رێگەی یاریزان کارساز محەمەد یەکسان بکاتەوە، بەڵام تۆپەکە بە لای ستوونی گۆڵ رەتبوو،  ئەم گێمە بە تاکە گۆڵێک کۆتاییهات.


لەگەڵ دەسپێکردنەوەی گێمی دووەم هەردوو یانە هێرشییان دەهێنایە سەر گۆڵی یەکتر یانەی هندرێن بۆ ئەوەی ئەنجامەکە دڵنیابکاتەوە و زێرەڤانیش دەیوست بگەڕێتەوە نێو کەشوهەوای یارییەکە، بەڵام سەرجەم هەوڵەکان بێ بەرهەم بوون لە ناوەڕاستی ئەم گێمەش خەریک بوو محەمەد جەفال ئەنجامەکە دوو ئەوەندە لێ بكات و تۆڕی گۆڵی (سەرهەنگ موحسین)ـی هاویانەکەی بهەژێنێت، بەڵام تۆپەکە بە تەنیشت ستوون تێپەڕی و سەرەنجام ئەنجامی یارییەکە هەروەکو گێمی یەکەم مایەوە و یانەی هندرێن دووەم بردنەوەی خۆی لەم وەرزەی خولی نایابی کوردستان تۆماركرد.


بەمەش جیاوازی خاڵەکانی لەگەڵ یانەکانی گرووپی یەکەم کەمکردەوە یانەی زێرەڤانیش دووچاری چوارەم دۆڕانی هات و هیوای پەڕینەوەی بۆ قۆناغی داهاتوو بە تەواوی کزبوو. 

speemedia-KFA

PM:10:15:03/03/2016