پەکەکە ٤ هەزار چەکدارمان ئامادەیە بۆ بەشداریکردن لە ئازادکردنی موسڵ

بەرپرسێکی سەربازی پەکەکە رایگەیاند " ٤ هەزار گەریلامان ئامادەیە بۆ بەشداریکردن لە رزگارکردنی شاری موسڵ".

عەگید کەلاری بەرپرسێکی سەربازی پەکەکە لە شەنگال لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا وتی" چوار هەزار چەکداری پەکەکە بەشداری شەڕی ئازادکردنی موسڵ دەکات و ئێستا سەرقاڵی مەشق و راهێنانی تایبەتن و، بە هەموو هێزێکیانەوە ئامادەن بۆ بەشداریکردن لە ئازادکردنی موسڵدا".

ناوبراو پێیوایە بە تەنها هێزی پێشمەرگەو سووپای عێراق بەس نییە بۆ ئازادکردنی موسڵ و دەڵێت" چونکە موسڵ پێکهاتەی ئاینی و نەتەوەیی جیا جیای تیایەو، بەشداری گەریلا گرنگی خۆی هەیە".

سەبارەت بە ئەگەری بەشداری سووپای تورکیا لە ئازادکردنی موسڵدا، ئەو وتی " بەشداری تورکیا دەبێتە مایەی گیروگرفت لەنێو پێکهاتەکاندا، بەشداری پەکەکە دەبێتە مایەی هاسەنگی راگرتن و ئێمە بەردەوامین لە پەیوەندیکردنی بە سەرۆک و کەسایەتییەکانەوە لەو پارێزگایە". 



PM:04:29:05/03/2016