بارزانی لەیادی راپەڕین باسی كێشە ناوخۆییەكان ناكات

مەسعود بارزانی لەپەیامێكدا بەبۆنەی یادی راپەڕین، هیچ باسێك لەكێشە‌و قەیرانە ناوخۆییەكانی هەرێم ناكات‌و دەڵێت: چۆن ڕووبەڕووی داعش بووینەوە، بەو حەماس و پێكۆڵییەش، ڕووبەڕووی گەندەڵی دەبینەوە.

دەقی پەیامەكەی مەسعود بارزانی:

هاووڵاتییانی خۆشەویستی کوردستان
ئادار مانگی داستانی مەزن و سەركەوتن و نەهامەتییەكان و مانگی خۆڕاگری و بڕوابەخۆبوونی گەلی كوردستانە. ئادار سەرکەوتنی ڕاپەڕینە مەزنەکەی گەلەکەمانە، یادی کیمیابارانی هەڵەبجەی شەهیدە، یادی ڕاگەیاندنی ڕێككەوتننامەی یازدەی ئادارە، هەروەها ئادار مانگی نەورۆز و ژیانەوە و دەستپێكی تازەیە.

ڕاپەڕینی مەزنی گەلەکەمان لە ئاداری 1991 پەیامێکی هەمیشەییە بۆ هەموو جیهان کە گەلی کورد ژێردەستەیی قبوڵ ناکات و لەدژی ستەمكار و داگیركاران دەوەستێتەوە و لە كاتی سەركەوتنیشیدا هێمای ئاشتی و لێبوردەیی و مرۆڤپارێزییە. لە ڕاپەڕینە مێژووییەکەی ساڵی 1991دا خەڵک و پێشمەرگەی سەرجەم لایەنەکان بێ جیاوازیی بیروبۆچوون بەگژ دیکتاتۆرییەت و داگیرکاریدا چوونەوە و بە سەرکەوتنی ڕاپەڕین ئەو پەیامەیان ڕاگەیاند کە هەرکاتێک کوردستانیان یەکڕیز و یەكدەنگ بن هیچ هێزێک ناتوانێ ڕێگە لە سەركەوتنیان بگرێت.

هەر لەم مانگەدا گەلەکەمان یادی ڕێككەوتننامەی یازدەی ئادار بەرز ڕادەگرێت، ئەو ڕێككەوتنەی کە لە ئەنجامی سەرکەوتنی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بوو، ئەو شۆڕشە سەرتاسەرییەی بە بڕواییەكی پۆڵایینەوە ڕژێمە پڕچەكەكەی عێراقی ناچار كرد دان بە مافی گەلی كوردستاندا بنێت و بێتە سەر مێزی دانوساندن. ڕێككەوتننامەی یازدەی ئازار سەركەوتنی ئیرادەی گەلی كوردستان بوو.

ئادار مانگی هەڵەبجەی شەهیدە، كارەساتی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە ڕووداوێكە هەموو مرۆڤایەتیی لێی بەرپرسە. هەڵەبجە هێمای دڵڕەقی داگیركاران و سیمبوڵی مەزلوومیەتی گەلی كوردستانە كە دوژمنی بەدڕەوشت بە دڕندانەترین شێوە خەڵكی قارەمانی ئەو شارەی شەهید كرد. شەهیدكردنی هەڵەبجە بەشێكە لەو زنجیرە تاوانە نامرۆڤانانەی دوژمنان و داگیركاران دەرهەق بە گەلی ستەمدیدەی كوردستان ئەنجامیان داوە.

دوای ئەو هەموو خەبات و قوربانیدان و ئاوارەیی و نەهەماتییە بێ سنوورەی گەلەكەمان بینیویەتی، هیچ كەس و لایەنێك ئەو مافەی نییە بە شك و دوودڵی بڕوانێتە مافەكانی گەلی كوردستان و سەربەخۆیی. دەبێ هەموو لایەك ئەوە بزانن كە بەهای ئەو باج و قوربانییەی گەلی كوردستان داویەتی زۆر لە سەربەخۆیی گەورەترە و هەموو جیهان بەرپرسە لەو چارەنووسە پڕ لە تڕاژیدیایەی بەسەر گەلی كوردستاندا هاتووە.

یادەكانی ئەمساڵ لە كاتێكدا بەرز ڕادەگرین كە بە قارەمانێتی پێشمەرگە كوردستان مەترسیدارترین هێزی تیرۆریستیی مێژووی تێكشكاند. ئەو سەركەوتنە مەزنە هاوكات بوو لەگەڵ قەیرانی دارایی و هەوڵی بەردەوامی نەیاران بۆ چڕكردنی گوشارەكان لەسەر گەلی كوردستان. گەلی كوردستان خۆڕاگر بوو و پێشمەرگە مەردانە و دلێرانە بە خوێنی خۆی كوردستانی پاراست. ئەوەی ئێستا لەسەر شانی تێكۆشەران و نیشتیمانپەروەرانی گەلەكەمانە، هەوڵدان و هیمەتكردنە بۆ ئەوەی كوردستان ئەو قۆناغە سەختە تێبپەڕێنێت. پێویستە بەهەموو توانایەك پشتیوانی پێشمەرگە بین لەپێناو پاراستنی كوردستان و لە ڕێگەی چارەسەرکردنی گەندەڵی و چاکسازیی سیستەمی کارگێڕیی بە جۆرێک کە ئەم دیاردە زیانمەندە بنەبڕ بکات و زەمینە بۆ دادپەروەری خۆش بكرێت و هاوتەریب لەگەڵ ئەوە هەنگاوەكان بەرەو چەسپاندنی مافی دیاریكردنی چارەنووس خێراتر و پتەوتر بكرێن. پشت بە خوا و گەلی كوردستان چۆن ڕووبەڕووی تیرۆریستانی داعش بووینەوە، هەر بەو حەماس و پێكۆڵییەش ڕووبەڕووی گەندەڵی دەبینەوە و كار بۆ نەهێشتنی دەكەین.
بەبۆنەی هاتنەوەی یادەكانی ئادار و نەورۆز پیرۆزبایی لە هەموو خەڵكی كوردستان دەكەم. هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدە نەمرەكانمان و سڵاو و خۆشەویستیم بۆ خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و هەموو پێشمەرگە قارەمانەكان هەیە و هیوای سەركەوتن و خۆشییان بۆ دەخوازم.

مەسعوود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان




PM:04:30:05/03/2016