هەردوو باڵەکەی یەکێتی بەشداری کۆبوونەوە بارزانی دەکەن

سبەی کۆبوونەوەیەکی لوتکە لەنێوان بارزانی و مەکتەبی سیاسی یەکێتی بە هەردوو باڵەکەیەوە سازدەکرێت، هەرچەندە یەکێتی دەیەوێت ئەو کۆبوونەوەیە یەکلایی کەرەوە بێت، بەڵام پێناچیت پارتی سازش لەسەر لابردنی سەرۆکی پەرلەمان بکات.

بەپێی زانیارییەکانی سپی، وەفدی یەکێتی پێکدێت لە کۆسرەت رەسوڵ و هێرۆ ئیبراهیم و مەلا بەختیار و حاکم قادر کە نوێنەرایەتی  هەردوو باڵە ناکۆکەکەی یەکێتی دەکەن، وەفدی پارتیش لەلایەن بارزانیەوە سەرپەرشتی دەکرێت، بەپێی زانیاریەکانی سپی جێگری دووەمی سکرتێری گشتی د. بەرهەم ساڵح بەشداری ئەو کۆبوونەوەیە ناکات. 

میدیاکانی یەکێتی و پارتی و پێشتریش، سپی میدیا بڵاویکردەوە کە بە بەشداری بارزانی هەردوو مەکتەبی سیاسی و یەکێتی کۆبوونەوەیەکی باڵا دەکەن، یەکێتی دەیەوێت لە کۆبوونەوەیەدا بارزانی بڕیار لەسەر ئاساییکردنەوەی بارودۆخی پەرلەمان بدات، بەڵام بەپێی دوا زانیاری کە دەست سپی کەوتووە، تا ئێستا پارتی سوورە لەسەر دانانی پەرلەمانتارێکی تری گۆڕان، لەبری د. یوسف محەمەد، سەرۆکی ئێستای پەرلەمان.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد چوونی هەردوو باڵەکەی یەکێتی بۆ کۆبوونەوەی سبەینێ، ئەوە ئاشکرا دەبێت کە کام باڵ نزیکە لە پارتی دیموکراتی کوردستانەوەو دەیەوێت لەگەڵیاندا رێکبکەون. 



PM:08:54:05/03/2016