"پێنج مانگە گۆڕان کۆبوونەوە لەگەڵ پارتی رەتدەکاتەوە"

لە دوای دەرکردنی وەزیرەکانی گٶران و رێگاگرتن لەسەرۆکی پەرلەمان بچێتەوە هەولێر، بزووتنەوەی گۆڕان ئەو داوایانەی پارتی رەتکردۆتەوە کە دوای کۆبوونەوەی دوو قۆڵی لەگەڵ گۆڕان کردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادارو نزیکی بزووتنەوەی گۆڕان، بە سپی راگەیاند" لە ماوەی ئەو پێنج مانگەدا جارێک بێت، یان چەند چەند جارێک بێت، بزووتنەوەی گۆڕان رەتیکردۆتەوە لەگەڵ پارتی کۆبێتەوە".

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوەکرد رەتکردنەوەی گۆڕان بەو مانایە نایەت کە ئەم بزووتنەوەیە گفتوگۆ رەتدەکاتەوە، " بەڵکو پارتی دەیەوێت لە رێگای ئەو کۆبوونەوەیە شەرعیەت بدات بەو کودەتایەی لە ١٠/١٢ بەسەر پەرلەماندا کردوویەتی".

سەبارەت بەدوای پارتی کە لەلایەن گۆڕانەوە رەتکراوەتەوە، سەرچاوەکەی سپی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە پارتی پێشنیاری ئەوەی کردووە بارودۆخی پەرلەمانی کوردستان ئاسایی بکرێتەوەو بۆ ماوەیەکی کورت د. یوسف محەمەد سەرۆکی پەرلەمان بێت دوایی بگۆڕدرێت" هەر لەبەر ئەو هۆیەیە، گۆڕان دانیشتنی لەگەڵ پارتی رەتکردۆتەوە". 

ئەو سەرچاوەیە پێیوایە پرسی مانەوەی یان لادانی د. یوسف محەمەد لەسەرۆکی پەرلەمان، پرسێکی شەخسی نییە، بەڵکو پرسێکە بە پەیوەندی بە عەقڵیەتی پارتیەوە هەیە، کە ئەو هەرگیز پێی قبوڵ ناکرێت دامەزراوەیەکی هەرێم لێیان بپرسێتەوە، یان " پێیان بڵێت ماوەکەت تەواوبووە، پێویسیتە کورسیەکەت چۆڵ بکەیت"، سەرچاوەکەی سپی پێیوایە کاتێک کە پارتی جەخت دەکاتەوە د، یوسف محەمەد لاببات ئەو دەیەوێت لەگەڵ لادانی یوسفدا ئەو فەزایەش کۆتایی پێ بهێنێت و سبەی کەس نەتوانێت بەبارزانی بڵێت" ماوەی سەرۆکایەتیەکەت تەواو بووەو پەرلەمانیش بەتەواوی ببێتە دەزگایەکی کارتۆنی وەک لەهەموو سیستەمە دیکتاتۆریەکاندا هەیە".

سەرچاوەکەی سپی ئاماژی بۆ ئەوە کرد کە گٶڕان هەرگیز بەو داوایەی پارتی رازی نابێت و دەبێت پەرلەمان ببێتەوە بەو دەزگا شەرعیەی دەسەڵاتی بەسەر هەموواندا بڕوات، ئەو دەمە ئامادەن لەگەڵ پارتی کۆببنەوە.

 



PM:09:56:05/03/2016