"یەكێتی کۆبوونەوە لەگەڵ چوار لایەنەکە رەتدەکاتەوە"

وا بڕیارە بەیانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەگەڵ بارزانی کە ماوەی سەرۆکایەتییەکەی بەسەرچووە کۆبێتەوە، بەرپرسێکیش دەڵێت" چەندینجار داوامان لێکردوون کە با چوار لایەنەکە کۆبینەوە، بەڵام یەکێتی رەتیدەکاتەوە".

بەیانی ٣/٦ بە بەشداری بارزانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەگەڵ پارتی کۆدەبێتەوە، ئەمە لەکاتێکدا کە بەرپرسێکی باڵای هەر سێ حیزبەکەی تر، بەسپی رایگەیاند" چەندینجار داوامان لەیەکێتی کردووە کە ئەو چوار لایەنەی خاوەنی پرۆژەی هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمن کۆببینەوە، بەڵام یەکێتی رەتیکردۆتەوە".

ئەو بەرپرسە ئەم هەڵوێستەی یەکێتی بە لاواز و بەرژەوەندخواز ناوزەد کرد.

 سەبارەت بە کۆبوونەوەی سبەینێی یەکێتی لەگەڵ پارتی، ئەو بەرپرسە وتی" بارزانی شەرعیەتی نەماوەو پەرلەمانی پەکخستووە، کەچی برادەرانی یەکێتی چاو لە هەموو ئەم رەفتارە نادیموکراسی و نا یاساییانە دەپۆشن و لەگەڵیان کۆدەبنەوە، کەچی ئامادە نین کۆبوونەوەیەک لەگەڵ سێ لایەنەکەی تردا بکەن کە چەندان پرسی جیاجیا کۆیان دەکاتەوەو هاوهەڵوێستن".

ئەو ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ئەوان دژی ئەوە نین یەکێتی لەگەڵ پارتی کۆبێتەوە، بەڵام یەکێتی دەیتوانی ئەو پرسە هاوبەشانەی لەگەڵ سێ لایەنەکی تردا هەیەتی، بکات بەکارتێکی فشار تا پارتی مل بۆ گەڕاندەوەی شەرعیەت بدات و بارودۆخی پەرلەمان ئاسایی بکاتەوە. 
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە لاوازی هەڵوێستی یەکێتییە کە پارتی درێژە بەسیاسەتە خۆسپێنەکانی دەدات و هیچ رێزێک لە دامەزراوە شەرعیەکان ناگرێت.



PM:11:12:05/03/2016