بارزانی لەگەڵ وەفدی نەتەوە یەكگرتوەكان‌و یەكێتی ئەوروپا كۆبووەوە

ئەمرۆ مەسعود بارزانی لەگەڵ وەفدێكی هاوبەشی نەتەوە یەكگرتوەكان‌و یەكێتی ئەوروپا كۆبووەوە‌و داوایكرد كە یارمەتی كوردستان بدەن لە شەڕی داعش و هاوكاریكردنی ئاوارەكاندا.

لەراگەیەنراوێكی كۆتایی كۆبوونەوەكەدا كە ماڵپەڕی فەرمی پارتی بڵاویكردوەتەوە هاتووە:

کۆبوونەوەکەی مەسعود بارزانی و وەفدی هاوبەشی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا کۆتاییهات، لەکۆبوونەوەکەدا  بارزانی ڕایگەیاند كە سوورن لەسەر چاكسازی و بە هەموو توانایەك هەوڵ دەدات پڕۆسەی چاكسازی سەر بگرێت و كەسیش نابێتە كۆسپ لەسەر ڕێگەی چاكسازی و لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانیش بەردەوام دەبن بۆ ئەوەی قەیرانی سیاسیی هەرێمیش چارەسەربكرێت.

ڕۆژی دووشەممە 7ـی 3ـی 2016 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ شاندێكی هاوبەشی نەتەوە یەكگرتووەكان و یەكێتی ئەوروپا و وڵاتانی گرووپی حەفت و بانكی جیهانی كۆبۆوە كە پێكهاتبوو لە جان كۆبیس نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق و ستیوارت جۆنز باڵیۆزی ئەمەریكا و فرانك بەیكەر باڵیۆزی بریتانیا و سۆمیۆ ئیوای باڵیۆزی ژاپۆن و پاتریك سیمۆنت سەرۆكی شاندی یەكێتیی ئەوروپا لە عێراق و ڕۆبێرت بیسێت بەڕێوەبەری كاروباری باڵیۆزخانەی كەنەدا و میلان سیماندل جێگری بەڕێوەبەری باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا لە عێراق و پاتریك مورا جێگری باڵیۆزی ئیتالیا لە عێراق و ئالێن كونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەولێر و ڕۆبێرت جەود بەڕێوەبەری بانكی جیهانی بۆ عێراق.

لە كۆبوونەوەكەدا كە بە مەبەستی تاوتوێكردنی هەوڵە نێودەوڵەتییەكان بۆ یارمەتیدانی هەرێمی كوردستان لە تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی و شەڕی داعش و چاكسازی ئەنجام درا، نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان كە سەرۆكایەتیی شاندەكەی دەكرد ئەوەی بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێزانینی بۆ قوربانیدان و هەوڵەكانی هەرێمی كوردستان هەیە بۆ شەڕكردن لەگەڵ تیرۆریستان و میوانداریكردنی ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و هەروەها ئاگاداری بارودۆخی سەختیی دارایی هەرێمن و بە بایەخەوە باسی لە پڕۆژە چاكسازییەكەی سەرۆك بارزانی كرد و ڕایگەیاند كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئامادەی یارمەتیدانی هەرێمی كوردستانە لە بابەتی چاكسازی و تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و ئەو سەردانەی وەك پشتگیرییەكی ڕوون بۆ گەلی كوردستان لە قەڵەم دا و لە گوتەیەكدا ڕۆشنایی خستە سەر هەوڵ و قوربانیدانەكانی گەلی كوردستان لە شەڕی داعش و هەروەها حەواندنەوەی سەدان هەزار ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی كوردستان و جەختی لەوە كردەوە كە هەر چەندە لە قەیرانێكی سەختی دارایین بەڵام پێشمەرگە ئەركی نیشتیمانی خۆی زۆر بە باشی لە شەڕكردندا بەجێ گەیاندووە و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و یارمەتیدانی ئاوارەكانیش ئەركێكە لەسەر شانی هەموو لایەكی نێو كۆمەڵگەی جیهانی. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی خستەڕوو كە لەڕووی داراییەوە هیچ لایەنێك لە شەڕی داعش و بۆ یارمەتیدانی ئاوارەكان هاوكاریی كوردستانی نەكردووە و دابەزینی نرخی نەوتیش قەیرانی دارایی و باری هەرێمی قورستركرد. لە درێژەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی داوای لە نەتەوە یەكگرتووەكان و وڵاتانی گرووپی حەفت و یەكێتی ئەوروپا كرد كە یارمەتیی كوردستان بدەن لە شەڕ و هاوكاریكردنی ئاوارەكان و هەروەها جێبەجێكردنی چاكسازیی بنەڕەتی ئابووریی و كارگێڕی. پەیوەست بە پڕۆسەی چاكسازی و چارەكردنی گرفتە سیاسییەكانی هەرێم سەرۆك بارزانی ئەوەی بە شاندی میوان ڕاگەیاند كە سوورن لەسەر چاكسازی و بە هەموو توانایەك هەوڵ دەدات پڕۆسەی چاكسازی سەر بگرێت و كەسیش نابێتە كۆسپ لەسەر ڕێگەی چاكسازی و لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانیش بەردەوام دەبن بۆ ئەوەی قەیرانی سیاسیی هەرێمیش چارەسەر بكرێت.

لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكە بەشداربووانی كۆبوونەوەكە پرسیار و تێبینییەكانی خۆیان لەبارەی شەڕی داعش و قەیرانی دارایی و ئاوارەكان و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و پڕۆسەی سیاسیی هەرێم ئاراستەی سەرۆك بارزانی كرد و پێزانیان بۆ ڕاشكاوی سەرۆك بارزانی و پێكۆڵیكردنی لە سەرخستنی چاكسازی و دژایەتیكردنی تیرۆر و چارەسەر كردنی قەیرانی سیاسیی هەرێم هەبوو و ڕایانگەیاند كە سیاسەتی سەرۆك بارزانی هاندەری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە بۆ ئەوەی بە ئومێدەوە سەیری هەرێمی كوردستان بكەن و ئامادەیی خۆیشیان نیشاندا بۆ یارمەتیدانی كوردستان لە تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی و هەروەها سەرخستنی پڕۆسەی چاكسازی.

جێگەی ئاماژەپێكردنە هەر لەم كۆبوونەوەیەدا بەڕێوەبەری بانكی جیهانی بۆ عێراق سەرۆك بارزانیی لە هەوڵەكانی بانكی جیهانی بۆ یارمەتیدانی هەرێمی كوردستان و عێراق ئاگادار كردەوە.



PM:04:18:07/03/2016