"ئەگەر شەڕی داعش نەبوایە بارزانی پەیوەست نەدەبوو بەکورسییەکەیەوە"

ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی رایگەیاند بەم نزیكانە پارتی‌و یەكێتی كۆدەبنەوە‌و بڕیارێكی چارەنوسساز دەدەن.

ئەحمەد کانی، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی لە بەرنامەی تاوتویی NRT دا وتی لە کۆبوونەوەکەی دوێنی نێوان پارتی و یەکێتیدا بڕیار لەسەر دروستکردنی دوو لیژنە دراوە بۆ ئەوەی لەسەر هەندێک بابەت بگەنە ڕێککەوتن.

وتیشی بۆ لێک نزیک بوونەوەی زیاتری پارتی و یەکێتی و گەیشتن بە رێککەوتن بڕیارە لە رۆژی شەممەوە کۆبونەوەکانی ئەو دوو لیژنەیە دەستپێبکات.

ئەحمەد کانی ئاماژەی بەوەشکرد، لە کۆبوونەوەکەی دوێنێدا لەگەڵ یەکێتی لەسەر پێکهێنانی حکومەتێکی هاوبەش نەگەیشتونەتە هیچ ڕێککەوتنێک و لە ئایندەیەکی نزیکدا یەکێتی و پارتی بڕیاری چارەنوسساز دەدەن.

ئەگەر یەکێتی و پارتی ڕێککەوتن بۆ پێکهێنانی حکومەت ڕاوێژ بە لایەنەکانی دیکە دەکەن و ئەگەریش لایەنێک نەهاتە ناو حکومەتەکەوە بە هەر هۆکارێک بێت دەتوانێت ببێتە ئۆپۆزسیۆن.

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی پارتی وتیشی "پارتی پەرلەمانی پەک نەخستووە و ئێمە پەرلەمان بە ناوەندێکی گرنگی بڕیاردان دەزانین و ئەگەریش شەڕی داعش نەبوایە ئەوا بارزانی قەت پەیوەست نەدەبوو بە کورسییەکەیەوە".

لەسەر ئادای پەرلەمان ئەحمەد کانی وتی "پەرلەمان جێگای تەپڵ لێدان و دەبە فڕێدان نییە، بەڵکو پەرلەمان جێگای باوەرپێکردنی لایەنەکانە ، بۆیە ئێمە نابێت بڕۆینە سەر تەجروبەی وڵاتێک کە شەڕە بۆکس و شەڕ لەنیوان پەرلەمانتارەکانیاندا هەیە".



PM:08:57:07/03/2016