سەرۆکی پەرلەمان: توندوتیژی نامانگەیەنێتە ئامانج

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند: ئەو روداوانەی کە بەرامبەر پەرلەمان رویدا چاوەڕوانکراوبوو، چونکە کەسانێک هەن، لە بەرژەوەندییان دەدرێت کە پەرلەمان کارا بێت. بۆیە پێویستە خەباتی مەدەنییانە بەردەوام بێت دوور لە توندوتیژیی، ئەزموونی ناوچەکە و دەوروبەرمان ئەوەی پێوتین توندوتیژیی نامانگەیەنێتە ئامانج. 

ئەم وتانەی د.یوسف محەمەد سادق، لە میانی پێشوازیکردن بوو لە شاندێکی بەشێک لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵەگەی مەدەنی لە شاری هەولێر کە ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە سەردانی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانیان کرد. لەبەرامبەردا نوێنەری رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکوانانی هەولێر رایانگەیاند: ئەوەی بەرامبەر سەرۆکی پەرلەمان کرا، شکاندنی شکۆی پەرلەمان بو، ئەزمونی دیموکراتی هەرێمی کوردستانیشی خستە ژێر پرسیارەوەو لەبەردەم دۆستەکانماندا ناشرینی کرد. 

سەرۆکی پەرلەمان، جەختی کردەوە، ئێمە دەمانەوێت لە هاوکێشە سیاسییەکاندا دەنگی خەڵک سەنگی مەحەک بێت، بۆ یەکلای کردنەوەی سەرجەم پرسەکان، ناکرێت حیزب لە بری دەزگا یاسایی و شەرعییەکان بڕیاردەر بێت، نابێت هێزی چەکدار لەلایەن حیزبەوە بەکاربهێنرێت، چونکە ئەوە سوکایەتییە بە خەباتی رەوای پێشمەرگە، پێشمەرگە شەرەفی خۆی لەوەدا دەبینێتەوە کە پارێزگاری لە نیشتیمان بکات، نەک حیزب و گروپێکی دیاریکراو.



PM:08:51:12/03/2016