"پێشبینی ئاوارەبوونی 250 بۆ 750 هەزار كەس لە موسڵ دەكەین"

وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق ئاشكرایدەكات، لە كاتی دەستپێكردنی پرۆسەی ئازاد كردنی شاری موسڵدا پێشبینی دەكەین 250 بۆ 750 هەزار كەس ئاوارە ببن، دەشڵێت، ، پلانمان هەیە رێگری لە هاتنە ناوەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانی هەرێمی كوردستان بكەین.

دەرباز محەمەد، وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق رایگەیاند: وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق بەهاوكاری نەتەوە یەكگرتووەكان ئامادەكارییەكانی خۆی دەستپێكردووە بۆ پڕۆسەی رزگاركردنەوەی مووسڵ لەدەست داعش و ئەو ژمارە زۆرەی دانیشتووانی شارەكە كە بەو هۆیەوە ئاوارە دەبن كە پێشبینی ئاوارەبونی 250 تا 750 هەزار كەس لە دانیشتوانی شارەكە دەكەن و هەوڵ دەدرێت ئەو كەسانە نەیەنە ناوچەكانی هەرێمی كوردستانەوە. ..

وەزیری كۆچی عێراقی گوتی: "تا شەڕەكە زوتر كۆتایی پێبێت ژمارەی ئاوارەكان كەمتر دەبێت بەپێچەوانەوە ئەگەر درێژە بخایەنێت ئەو پڕۆسەیەكی قورس دەبێت و ژمارەی ئاوارەكان زۆرتر دەبێت"

ئاماژەی بەوەشكردوە، پلانمان هەیە رێگری لە هاتنە ناوەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانی هەرێمی كوردستان بكەین كە بەهۆی شەڕی داعشەوە پێشتر ژمارەیەكی زۆری دانیشتوانی ناوچەكانی تری عێراق ئاوارەی ناوچەكانی هەرێم بوون و بارگرانی گەورەیان لەسەر دەسەڵات و دانیشتووانی ئەم هەرێمە دروست كردووە...

 دەرباز محەمەد ئاماژە بەوەش دەكات، پلانیان هەیە لە ماوەی ئەمساڵدا بتوانین 100 هەزار خێزانی تر بگەڕێنینەوە ناوچەكانی خۆیان، بەڵام ئەوەش كارێكی زەحمەتە بۆ وەزارەتەكەی و خودی ئاوارەكان، بەهۆی ئەوەی ئەو ناوچانە لە شەڕی داعش و رزگاركردنەوەیاندا رووبەڕووی داروخان و وێرانكاری گەورە بوونەتەوە و گەڕانەوە بۆ ناوچەیەكی وێرانی پاشماوەی شەڕ ئاسان نییە.



PM:03:16:14/03/2016