ڤیدیۆ.. دەقی وتەكانی سەرۆكی حكومەت‌و سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان

لە چوارەمین دیداری سلێمانی هەریەك لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم‌و د. یوسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان چەند وتەیەك پێشكەش كرد.

یوسف محەمەد لە وتەكانیدا وەڵامێكی وتەكانی نێچیرڤان بارزانی دایەوە كە لە قسەكاندیدا پێشكه‌شیكرد په‌رله‌مانی‌ به‌وه‌ تۆمه‌تباركرد كه‌ "ئیستیفزازانه‌" مامه‌ڵه‌یكردووه‌ له‌ كێشه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمدا.


دەقی گوتارەکەی نێچیرڤان بارزانی لە چوارەمین دیداری سلێمانی

میوانانی بەڕێز،
ئامادەبووانی خۆشه‌ویست،
ڕۆژتان باش..

بەناوی خۆم و كاك قوباد تاڵەبانی و حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە، بەخێرهاتنتان دەكەم بۆ شاری سلێمانی، پایتەختی ڕۆشنبیریی هەرێمی كوردستان. بەخێرهاتنتان دەكەم بۆ دیداری سلێمانی، كە زانكۆی ئەمه‌ریكی لە سلێمانی ساڵانە بە شێوەیەكی زۆر سەركەوتووانە، ئەنجامی دەدات. دەستخۆشی لە برای بەڕێزم كاك د. بەرهەم ساڵح و بەڕێوەبەرانی زانكۆی ئەمه‌ریكی دەكەم لە سلێمانی، بۆ سازكردنی ئەم دیدارە گرنگە، بۆ گفتوگۆكردن و لێكۆڵینەوە سەبارەت بە بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوای داعش.

بەڕێزان..
ئەمڕۆ ئێمە لە ڕۆژی مەرگەساتێكی گەورەی گەلەكەماندا لێرە كۆبووینەتەوە، كە ئەویش 28 ەمین ساڵیادی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەیە. لەم ڕۆژەدا سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی هەڵەبجە و، هەموو شەهیدانی كوردستان دادەنوێنین. زۆریش گرنگە هەر لەم ڕۆژەدا، بۆ ئەوەی وەفاداری خوێن و خەونی ئەو شەهیدانە بین، پێكەوە هەوڵ بدەین كێشە ناوخۆییەكانمان بە زوویی بە دیالۆگ و لێكگەیشتن چارەسەر بكەین. گرنگ نییە ئەمڕۆ ئێمە لەناو خۆماندا بەسەریەكتردا سەركەوین، گرنگ ئەوەیە ڕێككەوین و هەموومان پێكەوە سەركەوتنەكەمان بەسەر داعش و تیرۆردا تەواو بكەین، چونكە هێشتا شەڕێكی درێژمان لەپێش ماوه‌.

ئاماده‌بووانی بەڕێز..
بەداخەوە حەزی یەكترشكاندن و سەپاندنی ئیرادە، وایكرد بارودۆخی سیاسیی ناوخۆی هەرێمی كوردستان لە یەكگرتوویییەكی سیاسیی كەموێنەوە، بكەوێتە دۆخێكی ناخۆشەوە، كە بەهۆیەوە خەڵكی كوردستان و دەزگاكانی، تووشی ناخۆشییەكی زۆر بوون. ئێمە زۆر هەوڵماندا دۆخەكە نەگاتە ئەو بارودۆخە ناخۆشەی كە ڕوویدا، بەڵام بەداخەوە لەنێوان خراپ و خراپتردا، خراپەكە هەر ڕوویدا.

ئێمە لە بارودۆخێكی زۆر سەختی شەڕدا بووین، كوردستان پێویستی بەوەبوو بە هەموو شێوەیەك سەقامیگیرییە ناوخۆییەكەی بپارێزرێت، بۆ ئەوەی وڵاتەكەمان و بەرەی شەڕی دژی تیرۆر، تێكنەشكێت. هاوپەیمانانیش هەر ئەوەیان بە هەموو لایەنەكانی كوردستان ڕاگەیاند.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا، هەموو هەنگاوە پێویستە یاساییەكانی جێبەجێ كرد، بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی سەرۆكی تازەی هەرێمی كوردستان، بەڵام كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ڕایگەیاند كە ناتوانێ هەڵبژاردن ئەنجامبدات. هەروەها ئەنجومەنی شوورای هەرێمی كوردستان، بەهۆی پێویستییە یاساییەكانه‌وه‌، ماوەی سەرۆكایەتیی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی درێژ كردەوە، لەگەڵ ئەوەشدا پێشنیازێكی كراوەمان پێشكەش كرد بۆ دەستكاریكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، لەپێناو پاراستنی یەكڕیزیی سیاسی لەو كاتە هەستیارەدا.

بەڵام مخابن هەوڵی شكاندنی سەرۆكێك كە لە بەرەی شەڕدا بوو، هەوڵی سەپاندنی ئیرادە، پاڵپێوەنانی پەرلەمان بۆ زیاتر ئاڵۆزكردنی بارودۆخەكە لە جیاتی چارەسەركردنی و، كردنی پەرلەمان بە ناوەندێكی ئیستیفزازكردن لەو بارودۆخە هەستیارەدا، وایكرد زۆر خەڵك بكەونە ناڕەحەتییەوە بەرامبەر كاری دەزگا شەرعییەكانی. سەرەڕای هەموو هەوڵە ناوخۆییەكان بۆ دانبەخۆداگرتن و، ڕێنوێنیی هەموو دەوڵەتە دۆست و هاوپەیمانەكانمان بۆ ڕێككەوتن و پاراستنی سەقامگیریی سیاسی و ناوخۆییمان، پرۆسەكە هەمووی بە ئیستیفزازكردن بەڕێوە دەبرا.

لەگەڵ ئەوەشدا كێشەی سیاسیی ناوخۆیی لە هەموو وڵاتێك ڕوودەدەن، بەڵام گرنگ ئەوەیە ویست و ئیرادەی چارەسەركردنی كێشەكان هەبێت. ئێستا كاتی ئەوەیە هەموو لایەنەكانی كوردستان ئەو ویست و ئیرادەیە بە تەواوی پیشان بدەن و، پێكەوە دابنیشن بۆ چارەسەركردنی هەموو كێشە ناوخۆییەكان و، ڕاستكردنەوەی هەموو كەموكورتییەكان و، كاراكردنەوەی پەرلەمان، بە شێوەیەك كە ببێتەوە جێگەی متمانە و مایەی ئارامی، بۆ هەموو گەلی كوردستان.

گفتوگۆیەكانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، جێگەی ئومێدن لەو بوارەدا. هیوادارین گفتوگۆ و پێكەوەدانیشتن لەنێوان هەموو لایەنەكاندا بە شێوەیەكی جددی، بە ئامانجی چارەسەركردنی كێشەكان، دەستپێبكاتەوە.

هەروەها ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە، ئیرادەیەكی سیاسی دروستبووە و دەستی بەكاركردووە بە پشتیوانییەكی گەورەی جەماوەری بۆ چاكسازی، ئەوەش یارمەتیدەرێكی زۆر گرنگە بۆ حكوومەت و حوكمڕانییەكی تەندروست لە هەرێمی كوردستاندا. ئێمە لە حكوومەت هەنگاوی گرنگمان دەستپێكردووه‌ بۆ چاكسازی و شەفافیەت و، لەو پرۆسە درێژخایەنەشدا، بەردەوام دەبین.

بەڕێزان ..
ئێمە زۆر سوپاسی خۆڕاگریی گەلی كوردستان بەگشتی و، یەك بە یەكی فەرمانبەران دەكەین بەتایبەتی، لەسەر خۆڕاگری و به‌رگه‌گرتنیان. دەزانین قەیرانەكە زۆر قورسە، چونكە كاریكردووەتە سەر گوزەران و قووتی ڕۆژانەی هەموو ماڵێك، لەبەر ئەوەش ئەو خۆڕاگرییە، جێگەی ڕێز و پێزانینێكی یەكجار زۆرە.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە هەموو شێوەیەك لە هەوڵدایە بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە، دڵنیاشین قەیرانه‌كە تێدەپەڕێت و باری گوزەرانی خەڵكی كوردستان زۆر باش دەبێتەوە و، ئاوەدانكردنەوە و پێشكەوتنی كوردستان، زۆر باشتر دەستپێدەكاتەوە. خوای گەورە، خاكێكی بەپیت و سامانێكی زۆری سروشتی و ئیرادەیەكی زۆری خۆڕاگری، بە گەلی كوردستان بەخشیوە، لەبەر ئەوەش دەتوانێ بەسەر هەموو قەیرانەكاندا سەركەوێت .

ئامادەبووانی بەڕێز..

داعش شەڕ و مەرگەساتێكی زۆر گەورەی بۆ كوردستان و ناوچەكە لەگەڵ خۆیدا هێنا و، دڕندەیی و مەترسیی ئەو ڕێكخراوە تیرۆریستییە، لە ماوەیەكی كورتدا گەیشتە زۆر جێگەی جیهان.

دڕەندەییەكە لە كوردستان زۆر گەورە بوو، بەتایبەتی بەكۆمەڵكوشتنی كوردانی ئێزدی و، ڕفاندنی خۆشك و دایكانی كوردی ئێزدی و، وێرانكردنی گوڵاڵە، هەروەها وێرانكردنی كۆبانێ و شنگال. بەڵام لەنێو هەموو كارە وەحشیگەرییەكانی داعشدا، ڕفاندنی كچان و دایكانمان لە كوردانی ئێزدی، لە هەموو تاوانەكان گەورەتر بوو لەسەر ئێمە. هەرچەندە تا ئێستا توانیومانە 2,445 كەس لەو دایك و خوشكانەمان و منداڵەكانیان ڕزگار بكەین، بەڵام بەداخەوە هێشتا زۆری دیكەش لەبەردەستی داعشدا ماون.

دۆستان و هاوپەیمانان، لە پێشەوەی هەمووشیان ئەمه‌ریكا، یارمەتیی گەلی كوردستانیاندا، بەتایبەتی لە ڕووی پشتیوانیی ئاسمانییەوە و، ئەوەش جێگەی سوپاسی ئێمەیە، بەڵام بە ڕاستی ئەو مەترسییە بە دەست و خوێنی پێشمەرگە و، هێزه‌كانی كوردستان لەسەر زەوی ڕێگەی لێگیرا و، بە خوێن و قارەمانییەتیی پێشمەرگە و هێزه‌كانی كوردستان، ڕێگە لە فراوانبوونی ئەو مەترسییە لەسەر ناوچەكە و، جیهان گیرا.

پێشمەرگە لە ناوچەكەدا، وەك هێزێكی نیشتمانی، بە درێژایی شەڕەكەیدا لەگەڵ داعش، لە ناكۆكییە سیاسییەكان دوور بووە و، هێزێكی مرۆڤپارێز بووە، هه‌روه‌ها بەرچاوترین ڕۆڵی هەبووە لە پاراستنی هەموو پێكهاتەكانی ناوچەكەدا. پێشمەرگە تاكە هێز و سوپایە كە جێگەی متمانەی هەموو گەلانی ناوچەكەیە. هەر لەبەر ئەوەش ئاوارەی عەرەب، توركمان، مەسیحی، سابیئە و بەهائی لە عێراق، ڕوو دەكەنە ئەو ناوچانەی كە لەژێر پاراستنی پێشمەرگە و دەسەڵاتی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندان.

ئەوە لەلایەك شانازییە بۆ گەلی كوردستان، كە بەردەوام بەها مرۆییەكانی دەپارێزێت، لەلایەكی دیكەشه‌وه‌ هەموو دەوڵەتانی هاوپەیمان ئەركدار دەكات، كە یارمەتیی بەهێزتربوون و پێشكەوتن و پرۆفیشناڵتربوونی هێزی پێشمەرگە بدەن، بەتایبەتیش كە ئێستا ئۆپەراسیۆنی گەورەی مووسڵ لەبەردەم ئێمەیە و، پێشمەرگە ئەو هێزەیە كە هەموو دانیشتووانی ناوچەكە هەستدەكەن، هەر شەڕێك پێشمەرگە تێیدا بەشدار بێت، سەركەوتنی سەربازی و سەقامگیری، بەدوادا دێت.

ئێستا لە جیهاندا لێكۆڵینەوە لەسەر ئەوە دەكرێت، ئاخۆ دوای تێكشكاندنی داعش، چۆن دەتوانرێت ڕێگە لە دروستبوونی ڕێكخراوی وەك داعش بگیرێت لە عێراق و، شوێنەكانی دیكە؟!. بەڵام بەداخەوە ئەو سیاسەتانەی لە ناوچەكانی دەوروبەری كوردستاندا پەیڕەودەكرێن و، توندتربوونی ململانێ تائیفییەكان، ئەوە نیشاندەدەن كە دروستبوونەوەی ڕێكخراوی هاوشێوەی داعش و وەحشیانەتریش لە داهاتوودا، ئەگەری دوور نین. لەبەر ئەوەش زۆر گرنگە بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەكە و جیهان لە تیرۆر، بە بایەخەوە تەماشای هێزی پێشمەرگە بكرێت.

ئاماده‌بووان و میوانانی بەڕێز..

لە ئەنجامی ڕووداوەكانی سووریا و دوای ئەوەش شەڕی داعش، جگە لە خەرجییە یەكجار زۆرەكانی شەڕ، قورساییی نزیكەی یەك ملیۆن و 800 هەزار ئاوارە و پەنابەریش، كەوتە سەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان. لەگەڵ ئەوەشدا حكوومەتی عێراق بەردەوام بوو لەسەر درێژەدان بە بڕینی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و، نەدانی بودجە و مووچەی پێشمەرگە، كە بەپێی دەستووری عێراق، پێشمەرگە بەشێكە لە هێزی نیشتمانیی عێراق. هەروەها دەوڵەتانی هاوپەیمان و لایەنە نێودەوڵەتییەكانیش، كارێكی ئەوتۆیان نەكرد كە حكوومەتی عێراق ئیلتیزاماتەكانی بەرامبەر هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكات، بەتایبەتیش بەرامبەر هێزی پێشمەرگە.

هاوكات لەگەڵ ئەوەشدا، دابه‌زینی نرخی نەوت، بێبەشكردنی هەرێمی كوردستان لە یەدەگی پارەی عێراق و قەرزە نێودەوڵەتییەكان، باری قەیرانە داراییه‌كه‌ی لەسەر خەڵكی هەرێمی كوردستان، زۆر قورستر كرد. هەروەها بەداخەوە لەو قەیرانە داراییه‌دا، هیچ وڵاتێكی جیهان، تا ئێستا هیچ یارمەتییەكی دارایی نەداوەتە هەرێمی كوردستان.

لە كاتێكدا بەهۆی ئەوەی كوردستان بووەتە بەرەی پێشەوەی بەرنگاربوونەوەی تیرۆر و، بوونی ئەو هەموو ئاوارەیەی ئەو شەڕە، گەلی كوردستان چاوەڕێی ئەوە بوو، دەوڵەتانی جیهان هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكەن، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا هیچ هاوكارییەكی دارایی نەدراوەتە هەرێمی كوردستان. ئێستاش بە هەموو دەوڵەتانی هاوپەیمان دەڵێین: پێشمەرگە و خەڵكی كوردستان لەو شەڕ و قەیرانە دارایییەدا، پێویستییان بە هاوكاریی داراییی ئێوەیە.

بەڕێزان..

بە شایەدیی گەلی كوردستان و هەموو دۆستانمان، لە چەند ساڵی ڕابردوودا، حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵی زۆریدا و، زۆر سەردانی بۆ بەغدا ئەنجامدا، دەستپێشخەری و نیازپاكیی زۆری نیشاندا، بۆ ئەوەی كێشەكان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكات، بەڵام بەداخەوە هەوڵەكانمان بێ ئەنجام بوون.

زۆر پێمانخۆشبوو حكوومەتی عێراق بەكردەوە كێشەكان لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان چارەسەر بكات، كەچی حكوومەتی عێراق ساڵ لە دوای ساڵ، ئیلتزاماتەكانی وەك دەوڵەت بەرامبەر هەرێمی كوردستان زیاتر پێشتگوێدەخات. دوای ئەوەی ئێمە هەموو ئامادەییەكمان نیشاندا بۆ ڕێككەوتنێكی بەكردەوە لەگەڵ بەغدا و هیچ ئەنجامێكی نەبوو، ئێستا لایەنەكان و گەلی كوردستانیش تەواو لە حكوومەتی عێراق، بێهیوا بوون. ئێستاش لەبەردەم ئەم ژماره‌یه‌ له‌ بەرپرس و سەركرده‌ بەڕێزه‌كانی عێراق، كە لێرەدا ئامادەن، ڕایدەگەیه‌نین، ئێمە دەمانەوێ لەگەڵ بەغدا ڕێككەوتنمان هەبێت.

ئێمە دەبێ واقیعی بین و حەقیقەتی عێراق بزانین لەڕووی پێكهاتەی نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبییه‌وه‌، هەروەها دەبێ حەقیقەتی پێكهاتەی عێراقیش بزانین لەڕووی جوگرافییەوە، پێش ئەوەی بڕیار لەسەر شێوەیەكی دیكەی حوكمڕانی بدەینەوە لەبارەی عێراقەوە. فۆرمولەكانی پێشتر لە پێكەوەبوون شكستیان هێنا، ئێمە ئێستاش ئامادەین بە گفتوگۆ لەسەر شێوازێكی دیكەی بەڕێوەبردن و حوكم و پەیوەندی ڕێكبكەوین، كە ببێتە مایەی خۆشی بۆ هەموو ناوچەكە.

ئامادەبووانی بەڕێز..

هەرێمی كوردستان بووەتە قوربانیی ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە، ئەو تیرۆر و توندوتیژییەی ڕووی لە كوردستان كردووە، لە دەرەوەی كوردستانەوە بۆی هاتووە و، بەرئەنجامی ململانێ تایفی و ناوخۆییەكانی ناوچەكانی دەوروبەری كوردستانە، بەڵام بە خوێن و فیداكاریی زۆری گەلی كوردستان، ڕێگری لەو مەترسییە كراوە لەسەر كوردستان و هەموو جیهان.

ئێستا و لە ئایندەشدا، بۆ ئارامیی ئەو ناوچەیە، كوردستان خاوەن پێگەیەكی زۆر گرنگە و، دەتوانێ بەردەوام ڕۆڵێكی زۆر گەورە بگێڕێت لە پاراستنی ئاسایشی ناوچەكە و جیهاندا، بۆیەش هەر دیزاینكردنەوەیەكی ناوچەكە لەهەر ڕوویه‌كەوە بێت، بەبێ بەشداریی گەلی كوردستان و دوور لە ڕه‌چاوكردنی بەرژەوەندییەكانی گەله‌كه‌مان سەرناكەوێت، چونكە هەرێمی كوردستان كۆڵەگەیەكی گرنگی سەقامگیرییە لە ناوچەكەدا.

هیوادارم دیداری سلێمانی سەركەوتوو بێت و، گەنجانی زانكۆی ئەمه‌ریكی لە سلێمانی بەشدارییەكی كاریگەریان هەبێت لە گفتوگۆكردن لەگەڵ سیاسەتمەداران و پسپۆڕان، لە هەموو پانێلەكاندا.

دووبارە بەخێرهاتنتان دەكەم و، هیوادارم چەند ڕۆژێكی خۆش لەم وەرزەی بەهارەدا لە كوردستان بەسەر ببەن و، سەركەوتن بۆ هەمووتان دەخوازم.

بەخێر بێن سەرچاوان.

د. یوسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان





PM:01:29:16/03/2016