كۆسرەت رەسوڵ: من و به‌رهه‌م ساڵح یه‌ك ته‌كه‌تولمان هه‌یه‌ و هیچ كه‌سێك ناتوانێت ده‌سه‌ڵاتمان لێ بسێنێته‌وه

كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی, جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان حزبی عه‌شایه‌رییه‌ له‌ كوردستاندا و ده‌ڵێت هه‌ر كه‌س حه‌زی له‌ حزبی بنه‌ماڵه‌ و عه‌شایه‌رییه‌, ئه‌وه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان.

كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتیی یەكێتی لەلێدوانێكدا بۆ رۆژنامەی "الشرق الاوسط" دەڵێت: "لەنێوخۆی یەكێتیدا كێشە هەیەو دوو بۆچوونیش هەیە، بۆچوونێكی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد هاوسەری مام جەلال، كە دەڵێت من بەرپرسی یەكێتیم، بۆچوونەكەی تریش دەگەڕێتەوە بۆ سەركردەو ئەوانی تر".

لەوبارەیەشەوە دەڵێت: "ئێمە سوورین لەسەرئەوەی یەكێتی بنەماڵەیی نییە، بەڵكو بۆ هەموو ئەندامەكانییەتی. ئەگەر هەر كەسێك دەیەوێت حزبێكی عەشایری بێت، ئەوا پارتی دیموكراتی كوردستان هەیە".
لەوەڵامی ئەو پرسیارەشی كە هەمیشە یەكێتی رەخنەی ئەوە لە پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی دەگرێت بەوەی حزبێكی عەشایرییەو ئەمڕۆش بەوتەی ئەو یەكێتی بۆتە حزبی بنەماڵە، كۆسرەت رەسوڵ عەلی دەڵێت: "ئەوە لەلایەن ئێمەوە قبوڵكراو نییە، قبوڵ ناكرێت یەكێتی ببێتە حزبی بنەماڵە".

جێگری یەكەمی سكرتێری گشتیی یەكێتی زیاتر دەدوێت‌و وتویەتی: "هێرۆ (ئیبراهیم ئەحمەد) خۆی بە سەرۆكی یەكێتی دەزانێت بەوپێیەی هاوسەری مام جەلال-ە كە ئێستا لەژیاندایە، ئێمەش رێزی دەگرین‌و رێزی مێژووەكەی دەگرین‌و بەڕەمزی یەكێتی دادەنێین‌و كاتێك باری تەندروستی باش دەبێتەوە، سەركردایەتی یەكێتی دەكاتەوە، بەڵام خانەوادەكەی بوونی مام جەلال-یان قۆستۆتەوەو دەسەڵاتیان بۆ ماوەتەوە، ئەمڕۆ هێرۆ لایەنی دارایی كۆنتڕۆڵكردووە، لەكاتێكدا مەكتەبی سیاسی لەبارەی سیاسەتەوە ئاگادارن". كۆسرەت رەسوڵ دانی بەوەشدا ناوە، بەهۆی جەنگی داعش‌و ناكۆكییان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان‌و بزووتنەوەی گۆڕان ناتوانن كۆنگرەی گشتیی یەكێتی رێكبخەن، وتوشیەتی: "ئەگەر ئێستا كۆنگرە بكەین ئەوا جیابوونەوە لەناو حزبدا دروست دەبێت، لەكاتێكدا بەدەست جیابوونەوەی نەوشیروان مستەفا لە حزب‌و دروستكردنی بزووتنەوەی گۆڕان، ناڵاندومانە، بۆیە تا مام جەلال نەخۆش بێت، بارودۆخی یەكێتی بەمجۆرە دەمێنێتەوە".

لەبارەی دەسەڵاتەكانیشی لەڕووی حزبییەوە بەوپێیەی بەرزترین پلەی هەیە لەدوای جەلال تاڵەبانی، كۆسرەت رەسوڵ عەلی دەڵێت: "من جێگری یەكەمی سكرتێری گشتیم لەڕووی رەسمی‌و شكڵییەوە، بەڵام دەسەڵاتە گرنگەكانی وەك دارایی‌و پێشمەرگەو پەیوەندییەكانی دەرەوە لە دەسەڵاتی سكرتێری گشتیدایە (تاڵەبانی)، ئەمڕۆ ئەو دەسەڵاتانە بەدەستی هێرۆیە". تەئكیدیشیكردۆتەوە، كە "كوتلەی كۆسرەت رەسوڵ‌و بەرهەم ساڵح جێگری دووەمی سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانی هەیەو كوتلەی هێرۆش هەیە". بوونی بەرهەم ساڵح-یشی لەناو یەكێتیدا بە كاریگەر وەسفكردووە بەوپێیەی جێگری تاڵەبانی-یەو ئامادەی كۆبوونەوەكانی مەكتەبی سیاسی دەبێت بە ئامادەبوونی خاتوو هێرۆ، هەروەك دەڵێت: "من‌و بەرهەم ساڵح هیچ كێشەیەكی شەخسیمان لەگەڵ هاوسەری تاڵەبانی نییە، بەڵكو ناكۆكییەكانمان لەبارەی بارودۆخ‌و ئایندەی یەكێتی‌و هێزیەتی، لەكۆبوونەوەكانی مەكتەبی سیاسیدا قسەی لەگەڵدا دەكەم، بەڵام ناڕازیم لەسیاسەتی سەركردایەتیكردنی یەكێتی، چونكە ئێمە دەڵێین پرۆگرامی ناوخۆیی هەیەو وەك دەستووری یەكێتیی نیشتمانیی وایەو دەبێت رێزی بگرین‌و جێبەجێی بكەین، بەپێی ئەو پرۆگرامی ناوخۆییە، من‌و بەرهەم ساڵح دەسەڵاتی سەركردایەتیكردنمان هەیە‌و كۆنگرەی گشتیی پێی بەخشیوین ئەوكاتەی مام جەلال بۆ هەردوو پۆستی جێگری یەكەم‌و دووەم كاندیدی كردین‌و لەكۆنگرەی گشتیدا، كە باڵاترین دەسەڵاتی یەكێتییە بەوپەڕی هێزەوە پشتیوانی كردین، ئەوەش بەشێوەیەكی ئاشكرا بووەو لەڕێی دامەزراندنەوە نەبووە، هیچ كەسێكیش ناتوانێت ئەو دەسەڵاتانەمان لێ بسەنێتەوە بە كۆنگرەی گشتی نەبێت".

هەروەها كۆسرەت رەسوڵ عەلی پێشنیاری رێكخستنی كۆنگرەیەكی تەوافوقی كردووە، كە سەركردایەتی یەكێتی هەڵبژێرێت‌و حزبەكەیان بەدەستێكی ئەمین بسپێرێت، بەڵام بەئارەزووی خۆی هەڵسوكەوت نەكات، وتیشی: "لەگەڵ ئەوەدام سەركردایەتی یەكێتی گەنج بێت‌و ئێمەش بحەوێینەوە، چونكە وەك رابردوو بەهێز نەماوم‌و تەمەن‌و تەندروستیم رێم پێنادەن ئامادەی كۆبوونەوەی زۆرو دوورو درێژ بم".



PM:01:57:24/03/2016