ئومێد خۆشناو: ئەرێ یا عەلی باپیر کێ ستەمکارە؟

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی وەڵامی عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی دەداتەوەو دەڵێت" ئەرێ یاعلی باپیر،بێزەحمەت کێ ستەمکارە؟".

عەلی باپیر لە نوسینێکدا وتبووی " چاکسازی بەکەسانی گەندەڵ و ستەمکار ناکرێت و ناکرێت بە قسەی بۆش و بێ کرداریی کەسانێک فریو بخۆین"، ئومێد خۆشناو سەرۆکی فراسکیۆنی زەرد لەپەرلەمانی کوردستان نەیهێشت رۆژێکی بەسەردا تێپەڕێت لە نووسینێکدا بەناونیشانی "ئەرێ یاعلی باپیر،بێزەحمەت کێ ستەمکارە؟"، دەڵێت" منیش لەگەڵ خوێندنه‌وه‌ی بابەتەکەی جەنابیان ئه‌و بەسەرهاتەم بیرهاتەوەوبەڕێزیانم وەک پاڵەوانی فیلمیێک هاتەپێش چاو،کە زۆر زیندەخەونان دەبینی ولەهەموو زیندەخەونەکانیش هەر خۆی براوە دەبێت!؟

خۆشناو باس لەوە دەکات ئەمەش سەربوردەکەیەو بیری بەڕێزیان دەهێنمەوە،کە دەڵێ"ئەفریقییەكان لەمێژووی باب و باپیرانی خۆیانەوە، دەگێرنەوە كاتێك سپی پێستەكان هاتنە وڵاتی رەش پێستەكانەوە تەنها كتێبی پیرۆزی ئینجیلیان لەگەڵ خۆیان هەڵگرتبوو، كەچی ئەفریقییەكان خاوەن زەوی و زارو كێلگە ئاڵتونییەكان بوون، ئەفریقییەكان خۆیان دانبەوە دادەنێن و دەڵێن: سپی پێستەكان ئێمەیان فێر كرد كە چاوی خۆمان ببەستین و دوعاو نزا بكەین، بەڵام كەچاوی خۆمان كردەوە، سپی پێستەكان ببوونە خاوەن زەوی و زارو كێلگە ئاڵتونییەكان، ئێمەی رەش پێستەكانیش تەنها كتێبی پیرۆزمان لە دەستدا مابوو". 

سەرۆکی فراکسیۆنی زەرد دەڵێت"نازانم لەبەرچی ئەم نمونەیە عەلی باپیری ئەمیری كۆمەڵم بیر دەخاتەوە، چونكە عەلی باپیریش كە هات: سەری زمان و بنی زمانی هەر كتێبی پیرۆز بوو، وتارەكانی هەمووی فەتوای كوفرو ئەحزابی عیلمانی وفیكری ئیلحادی بوو، كەچی زۆری نەبردو خشتەكەی لەژێر پێی دەوروبەری خۆی دەرهێناو كتێبی پیرۆزی پێشكەشی ئەوان كردو سەڵتەنەتی دنیاشی بەخۆی شایەن بینی، ئیدی ئەمرۆ ئەو چۆتە ناو قەسرو قسورەوە، ئەوانی تر، یان خوڵامكارن،یان به‌شێکیان په‌ڕاگه‌نده‌ن وهێندێکیشیان هه‌ربه‌لاش له‌ژیان نه‌مان وبه‌شێکیانیش كەوتوونەتە كونجی زیندانەوە؟!".

لە کۆتایشدا ئەو بەرپرسەی پارتی دەپرسێت"ئینجا حەقی خۆیەتی بپرسین ئەرێ بێزەحمەت کێ گەندەڵەو کێش ستەمکارە؟".



PM:03:28:25/03/2016