وردەكاریی كۆبوونەوەی چوار لایەنەكە لە سلێمانی بزانە

کۆبوونەوەی هەرچوار لایەنەکە لە شاری سلێمانی کۆتایی هات و ڕاگەیاندراوێکی شەش خاڵیان  لە سەر دەرەنجامەکەی بڵاوکردەوە.

نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 28/3 کۆبوونەوەی هەرچوار لایەنی پارتی، یەکێتی، یەکگرتوو و کۆمەڵ لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە سلێمانی بەڕێوەچوو.

هەرچوار لایەنی بەشداری کۆبوونەوەکە ڕاگەیاندراوێکی شەش خاڵیان بڵاوکردەوە، کە تێیدا داوای چارەسەری تێکڕای کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا دەکەن.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتوە پشتگیری خاڵە هاوبەشەکانی فراکسیۆنە کوردستانیەکان دەکەن کە پێشتر لە سەری ڕێککەوتون.

هەروەها ئاماژە بەوەکراوە سەرکردایەتی سیاسی کوردستان بەرپرسیاری ڕاستەوخۆی پڕۆسەی سیاسیە و هەرجۆرە دەستێوەردانێک بۆ دروستکردنی گیروگرفتی "نابەجێ" بۆ تێکڕای پۆستەکان دژی دەستور و  پێچەوانەی سازانی نیشتیمانی لایەنە سیاسیەکانە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا داوا لە لایەنە عێراقیەکان کراوە کە نوێنەریان لە ناو پەرلەمان هەیە هەرچی زووە دەست بە گفتوگۆ بکەن بۆچارەسەرکردنی کێشەکان.

داواکراوە دانوستاندنە فەرمیەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لە سەر پڕۆژەیەکی پەسەندکراوی لایەنە سیاسیەکان دەستپێبکاتەوە.

لە بارەی قەیرانی داراییەوە دوایان لە حکومەتی عێراق کردوە هەر جۆرە قەرزێک وەریدەگریت لە سەدا ١٧ بداتە هەرێمی کوردستان.







PM:02:59:28/03/2016