حکومەت کاتی دابەشکردنی مووچەی مانگی سێی راگەیاند

كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای روبەڕوبونەوەی قەیرانەكان بەسەرپەرشتی سەرۆکی حکومەت بڕیاری لەسەر کاتی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئازار" سێ " دا.

ئەو کۆبوونەوەیە کە ئەمڕۆ لە هەولێر سازکرا، تیایدا بڕیار درا لە رێكەوتی 8ی نیسان مووچەی مانگی ئایار" سێ " دابەش بكرێت.
ئەو کۆبوونەوەی کە جگە لە نێچێرڤان بارزانی، هەریەک لە  قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت و ئاشتی هەورامی و عەلی سندی و رابەر سدیق وەزیری دارایی و ئابووری بە وەكالەت و دەرباز كۆسرەت وەزیری ئاوەدانكردنەوە بەشداربوون، دوای کۆبوونەوەکە نوری عوسمان سەرۆكی فەرمانگەی بەدواداچوون و هەماهەنگی لەئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بە میدیاکانی راگەیاند" لە رێكەوتی 8ی نیسان مووچەی مانگی ئازاری فەرمانبەران دابەشدەكرێت".

هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوە کرد بڕیاردراوە بڕی دوو ملیار دینار بۆ مووچەی كەمئەندامان زیادبكرێت، بەمەش بڕی پارەی تەرخانكراو بۆ كەمئەندامان دەبێتە 9 ملیار دینار.

ناوبراو وتیشی " ئەنجومەنی وەزیران نووسراو بۆ وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی دەكات و داوادەكات ناوی ئەو كەمئەندامانەیان بۆ بنێرێت كە دوو مووچەیان هەیە بەمەبەستی چاكسازی كردن لەمووچەی كەمئەندامان.

ئەوەشی ئاشکرا کرد لەڕێگەی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان نووسراو بۆ زیندانیانی سیاسی بكرێت تاكو ناوی ئەو زیندانیانە بنێرن كە دوو مووچەیان هەیە، تاوەكو مینحەیەكیان بۆ دیاریی بكرێت.



PM:04:38:28/03/2016