د.یوسف: ئەگەر كاری نایاسایم بكردایە ئێستا لەبینای پەرلەمان دەبووم

سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت:"ئەگەر كاری نایاسایم بكردایە ئێستا لەبینای پەرلەمان دەبووم‌و بەلای ئێمەوە  ئەو كورسیە ئەمانەتە"

لە میانەی چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا، د.یوسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لەبارەی كاراكردنەوەی پەرلەمان وتی:"تەنها پرۆژەی ئێمە بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان ئەوەیە نوێنەرانی خەڵك دوور لە دەستێوەردانی حزبی كارەكانی خۆیان بە پێی یاسا بكەن".

سەبارەت بە مەرجی ئەوان بۆ وازهێنان لەو پۆستە كە پارتی بەردەوام جەختی لەسەر دەكاتەوە سەرۆكی پەرلەمان وتی:" ئەگەر بە وازهێنانی من كێشەی سەرۆكایەتی هەرێم چارەسەر دەبێت‌و سەرۆكێكی نوێ‌ هەڵدەبژێرێت ئەوا ئاساییە واز لەو پۆستە بهێنم، چونكە هەرشتێك لەبەرژەوەندی ئایندەی خەڵكی كوردستان بێت ئێمە ئەوە دەكەین".

لەوەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بە فشارەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر ئاستی ناوخۆو دەرەوە د.یوسف رایگەیاند، ئەوان بەردەوامن لەسەر دروستكردنی كۆدەنگی‌و فشار، لەسەر ئاستی ناوخۆو دەرەوە بۆ ئەوەی گۆرانكاری لە سیستمی حكومڕانی هەرێمدا بێتە ئاراوە.
ئاشكراشی كرد، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی جوڵەیەكی سیاسییان دەستپێكردووە.

سەرۆكی پەرلەمان جەختی لەوەشكردەوە، بۆچوونی ئەوان وەهایە كە پەرلەمانێكی پەكخراویان لە پەرلەمانێكی ناشەرعی پێی باشترە كە لەدەرەوەی ئیرادەی پەرلەمان ئاراستە وەربگرێت.
لەبارەی ئەوەی ئەو وەك سەرۆكی پەرلەمان تا چەند وابەستەیە بە كورسیەكەیەوە ناوبراو رایگەیاند، ئەوان بۆ پلەو پایە نەچوونەتە ناو پەرلەمان‌و حكومەت و وەك خۆی دەڵێت:"ئەگەر كاری نایاسایم بكردایە ئێستا لەبینای پەرلەمان دەبووم‌و بەلای ئێمەوە  ئەو كورسیە ئەمانەتە"



PM:02:06:29/03/2016