هەركەس جلوبەرگی سەربازیی لەبەربكات دەستگیر دەكرێت!

بەبڕیارێكی حكومەتی هەرێم، هەركەسێك سەر بە هێزەكانی ناوخۆ نەبێت، بۆی نییە جلوبەرگی سەربازی بكڕێت یان بیپۆشێت، ئەگەرنا توشی لێپرسینەوە دەبێت.

لەوبارەیەوە نەقیب سەركەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بەڕادیۆی نەوای راگەیاند، هاووڵاتییەكیان دەستگیركردووە كە بەجلوبەرگی هێزەكانی پێشمەرگەوە لەبازاڕدا گەڕاوەو هیچ پێناسێكی سەربازیی پێنەبوە، بەڵام دواتر وتویەتی لە خۆشەویستی بۆ پێشمەرگە ئەو جلەی پۆشیوە.

وتیشی: "ئەو دوكانانەی جلوبەرگی سەربازی دەفرۆشن، مۆڵەتیان هەیەو هەر كەسێك كاتێك دەچێت جلوبەرگی سەربازی دەكڕێت، دەبێت باجی وەزارەتی ناوخۆی پێبێت، پاشان جلوبەرگ‌و شتومەكی سەربازی پێدەفرۆشن، هەروەك ئاگادارمان كردونەتەوە ئەگەر بەدەر لەو رێنماییانە بیفرۆشن بە خەڵك، بەرپرسیارێتی هەڵدەگرن".

وتیشی "هەر هاووڵاتیەك جلی سەربازی لەبەربكات و سەر بە وەزارەتی ناو خۆ نەبێت ئەوا لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵدا دەكرێت و دەدرێت بە دادگا".



PM:03:23:04/04/2016