عەبادی باسی گرنگی ئازادکردنی موسڵی کردووە
کورد باسی ریفراندۆمی کردووە

لەبەیانی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق باس لە کۆبوونەوەی سەرۆک وەزیران و وەفدی هاورێی لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێم و وەفد یاوەرەکەی کراوەو، بەیانی حکومەتی عێراق جەخت لەسەر گرنگی ئازادکردنی موسڵ دەکاتەوە، کوردیش ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن ئەوان باسی ئەنجامدانی ریفراندۆمیان کردووە.

لە بەیانی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ئاماژە بۆ کراوە کۆبوونەوەکە زۆر راشكاوانە بووە، حەیدەر عەبادی ئاماژەی بۆ گرنگی ئازادکردنی موسڵ کردووە.

لەو کۆبوونەوەیەدا عابدی باسی لە هەماهەنگی و کاری هاوبەشکردووە بەمەبەستی رزگارکردنی موسڵ، هەروەها باس لە گۆڕانکاری وەزاری کردووە لە پێناو هەموو عێراقییەکاندا.

عەبادی جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە لە بەرژەوەندی هەمووانە، عێراق بە یەکگرتووی بمێنێتەوەو ئەوان سوورن لەسەر هاوکاری و هاوبەشیکردن لەگەڵ حکومەتی هەرێمدا.

سەبارەت بەرای کورد لەمەڕی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ عەبادی، فریاد رەواندوزی بە میدیاکانی کوردستانی راگەیاند" لە کۆبوونەوەکەدا باس لە ئەنجامدانی گشتپرسی بووە لە باشووری كوردستان و راگەاندنی سەربەخۆیی کراوە، شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکوەزیرانی عێراقیان راگەیاندووە، ئەنجامدانی گشتی پرسی و سەربەخۆیی مافێکی رەوای هەرێمی کوردستانە.

وەك وەزیری رۆشنبیری عێراق باسیكرد، شاندی هەرێمی كوردستان بە عەبادییان راگەیاندووە، کورد تەنیا بۆ بەشداریکردن بەشداری لە حکومەتی عێراق ناکات و گوتوویانە کورد بۆ بەرجەستەکردنی بنەمای شەراکەت بەشداری لە حکومەتی عێراق دەکات. جەختیشیانكردووەتەوە، کورد گۆڕینی وەزیرەکانی بەبێ هۆکار قبوڵ ناکات.




PM:08:47:08/04/2016