" هیچ جارێک وەفدی هەرێم بۆ شەوێکیش لە بەغدا نەماوەتەوە"

‌ئەرشیف.. سەردانە بەردەوام و درێژەکانی نێچیرڤان بارزانی بۆ تورکیا
ئەمشەویش جارێکی تر وەفدی کورد شەو لە بەغدا نەمایەوەو گەڕایەوە هەرێمی کوردستان.

سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار بە سپی راگەیاند " بە بیرما نایەت ئەو وەفدانەی حکومەتی هەرێم کە بۆ پرسی زۆر چارەنووسساز دەچنە بەغدا، شەوێک لەوێ مابنەوە، ئەو وەفدانە هەر هەمان رۆژ دەگەڕێنەوە کوردستان، وەفدێکی حکومەتی هەرێم نییە کە نێچیرڤان بارزانی سەرکردایەتی بکات، شەوێک لە بەغدا مابنەوە".

ئەو سەرچاوە سیاسییە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد لەرووخانی رژێمی دیکتاتۆریەوە لە ٢٠٠٣ تا ئەمڕۆ چەندان کێشەی کۆن و نوێ لەنێوان حکومەتی بەغداو حکومەتی هەرێمدا هەیە، بۆ چارەسەرکردنیان پێویستی بە هەفتەو مانگ و پێکهێنانی ژووری عەملیات و کاتی درێژ هەیە بۆ ئەوەی بەتەواوی چارەسەر بکرێن، بەلآم هەر وەفدێکی حکومی بەتایبەتی کە نێچیرڤان بارزانی سەرکردایەتی دەکات بۆ شەوێکیش لەوی نامێنێتەوەو دەگەڕێنەوە بۆ کوردستان.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، لەکاتێکدا ئەم وەفدانە بەو شێوەیە بەدەم کێشەکانی کوردەوە دەچن لەبەغدا، بەلآم سەرۆکی حکومەت لە سەردانەکانیدا بۆ تورکیا بۆ کاری حکومی بێت، یان شەخسی، یان پرسەی کەسایەتییەکی ئەو ولآتە چەندان شەو و رۆژ دەمێنێتەوە.
سەرچاوەکەی سپی، رەخنەکانی فراوانتر کردو ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد هەمان رەخنە لە مەسعود بارزانیش دەگیرێت، ئەو کە سەرۆکی هەرێمیش بووە ماوەی چوار ساڵ زیاترە سەردانی بەغدای نەکردووە، بەلآم هەر وەرزێکی ساڵ سەردانی تورکیا دەکات و ئامادەیە لەگەڵ بەرپرسە بچوک و ئەمنییەکانی ئەو ولآتەشدا چەند کاتژمێر کۆبوونەوە بکات.

ئەو سەرچاوەیە پێیوایە بارزانی و سەرۆکی حکومەت بە ئارەزوو  خولیایی خۆیان مامەڵە لەگەڵ بەغداو ولآتانی دراوسێدا دەکەن و، ئەو سەردانانە رەنگدانەوەی راستەقینەی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان نیین و، زیاتر گوزارشتن لە ئارەزوو سیاسەتی ئەم سەرکردەو ئەو حیزب.

لەمساڵدا حکومەتی هەرێم دوو وەفدی بەسەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی ناردە بەغدا، هیچ وەفدێکیان شەوێک لەپایتەختی عێراق کە تا ئێستاش بەشێکی زۆری پەیوەندی کورد بە بەغداوە بەندە، ناماونەتەوە، ساڵی پارو پێشوتریش بەهەمان شێوە بووە.    



PM:10:26:08/04/2016