سەلیم جەبوری جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەو هێشتا سەرۆکی پەرلەمانە، پێش چەند کاتژمێرێکیش ١٧٤ ئەندامی پەرلەمانی عێراق بڕیاریان دا ئەو و دەستەی سەرۆکایەتیەکەی لابەرن و، لە جێگای سەرۆکێکی کاتیان هەڵبژارد.
سەلیم جبوری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "ئەوان وەک دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کاروبارەکانی پەرلەمان بەڕێوەدەبەن و ڕۆژی شەممەی داهاتووش کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران دەبێت".
جبوری ئاماژەی بەوەکرد ئێستا عێراق بە دۆخێکی "زۆر مەترسیداردا" تێپەڕ دەبێت و پێویستە هەیبەتی وڵات پارێزراو بێت و وتی " پیلانگێری دژی دامەزراوە یاساییەکانی دەوڵەت هەیە و پێویستە هەموان ئاگاداری ئەو پیلانگێڕیانە بن".
هەروەها وتی " ئەوەی لە پەرلەمان ڕویداوە، کارێکی هەڵە و تەواو نایاسایی بووە".
چەند کاتژمێرێک پێش ئەم کۆنگرە رۆژنامەگەریەی جەبوری، ١٧٤ پەرلەمانتاری لسیتەکانی دەوڵەتی یاساو تەیاری سەدرو عەلاوی، بەکاتی عەدنان جەنابیان هەڵبژارد وەک بەتەمەنترین ئەندامی پەرلەمان بە سەرۆکی کاتی و تا رۆژی شەممە کە لەبەرنامەیاندایە دەستەیەکی سەرۆکایەتی نوێ هەڵبژێرن.
دوای ئەو کۆبوونەوەیە جەنابی کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەری بەست و رایگەیاند" ئەو وەک بەتەمەنترین پەرلەمانتار سەرۆکی کاتی پەرلەمانە تا هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی نوێ رۆژ شەممە".