" وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا قوربانیەکانی ئەنفال بە ٥ هەزار ناوزەد دەکات"

نوسەرێکی کورد ئامادەی کۆنگرەیەکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەبێت، وتەبێژی ئەو وەزارەتە ژمارەی قوربانییەکانی ئەنفال بە ٥ هەزار قوربانی دەخەمەڵێنرێت.

کامەران سوبحان کە راوێژکاری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانیشەو ئێستا بەسەردانێک بۆ کاری رۆشنبیری لە ئەمەریکایە دەڵێت"
دوێنێ ٤/١٤ لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا John kirby  جۆن کێربی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی بۆ ڕۆژنامەنووسان سازکرد،منیش وەک میوان و بەشداربوویەکی پڕۆگرامی IVLP بەشداری کۆنگرە ڕۆژنامەنوسییەکە بووم، ئەوەی سەیر بو بەلامەوە، لە سەرەتای کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا John kirby کە هاوکات بوو لەگەڵ ساڵیادی کارەساتی ئەنفالدا. زۆر بە هەڵە باسی ئەنفالی کرد".

ناوبراو دەڵێت" کێربی ئاماژەی بەوە کرد لەو پرۆسەیەدا کورد و مەسیحی و یەزیدی و شەبەک بەدەستی بەعسییەکان ٥ هەزار هاوڵاتییان ئەنفال کراوە.! پاشتریش دوای کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکە لە بڵاوکردنەوەی بەیاننامە فەرمییەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هەمان ئەو هەڵانە لەسەر ئەنفال دوبارە بوونەتەوە".

ئەو نوسەرە دەپرسێت" ئیدی نازانم سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ئێستادا هەر ئەمەندە لە خەم و ئازارەکانی کورد گەیشتوە، یان بە مەبەست دەیەوێت وا باسی کورد و کێشە و کارەساتەکانی بکات؟! بەداخەوە پەیامنێرێکی کوردیش لەو کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەدا ئامادە بوو، نەیتوانی زانیارییەکانی بۆ وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە ڕاست بکاتەوە."!

تاوانی ئەنفال کە بەچەند قۆناغێک لە ساڵی ١٩٨٨دا ئەنجام درا ژمارەی قوربانییەکان زیاتر لە ١٨٢ هەزار قوربانییەو ئەو ژمارەیەش هەموویان کوردن.



PM:05:21:15/04/2016