کۆمەڵ: چوار رۆژە بە فراکسیۆنە کوردستانییەکان دەڵێین با بگەڕێینەوە کوردستان

سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ رایگەیاند" چوار رۆژە بە فراکسیۆنە کوردیەکان دەڵێم با بگەڕێینەوە بۆ کوردستان، ئەمە شەڕی ئێمە نییە".

ئەحمەدی حاجی رەشید سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق بە سپی راگەیاند" ئەوەی لەبەغدا روو دەدات ململانێ و ناکۆکی کورد نییە، بەڵکو شەڕی ناوخۆی شیعەیە بەپلەی یەکەم و شەڕی شیعە سونەیە بە پلەی دووەم".

سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی دەڵێت" چوار رۆژ لەمەوبەر پێشنیاری ئەوەمان خستە بەردەم فراکسیۆنە کوردیەکان با بگەڕێینەوە کوردستان و کەی لایەنە عێراقییەکان گەیشتنە رێککەوتن، ئەو دەمە ئێمە بگەڕێینەوە بەغداو گفتوگۆیان لەگەڵ بکەین لەسەر کێشە هەڵپەسێردراو پشکەکانی کورد".

ئەو ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە گۆڕان و پارتی هاوڕابوون لەگەڵ پێشنیارەکەیاندا، بەڵام لەبەر ئیجماعی کوردی نەگەڕوانەتەوەو " ئێمە ئەمڕۆ گەڕاینەوە کوردستان".

ئەحمەد رەشید دەڵێت" کورد هەوڵی داوە لە بەغدا بالانس رابگرێت، ئەوەی کراوە تا ئێستا بەش بووە، بەڵام ئەمەی ئێستا شەڕی ئێمە نییە، با برۆن بزانین خۆیان چۆن ئیدارەی دەکەن".

ئەو جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کا تا خۆیان تەوافقێک نەکەن لەنێوان خۆیاندا ئەوان ناگەڕێنەوە بۆ بەغدا.
 


 



PM:09:40:19/04/2016