"لەناو گۆڕان کەس جورئەتی نەکردوە بپرسێ، کاک نەوشێروان بە چ شەرعیەتێک ڕێکخەری گشتیە؟"

هەڵسوڕاوێکی دەستلەکارکێشاوەی بزوتنەوەی گۆڕان هێرش دەکاتە سەر بزوتنەوەی گۆڕان و ڕێکخەری گشتی و ڕایدەگەیەنێت، بزوتنەوەکە حیزبی تاکەکەسیە و ڕێکخەری گشتی بۆ خۆی دروست کردووە.


محمد حاجی هەڵسوڕاوی دەستلەکارکێشاوەی بزوتنەوەی گۆڕان، لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک، نووسینێکی بڵاوکردۆتەوە و تێیدا ڕایگەیاندووە "لەماوەی شەش ساڵی ڕابردووی تەمەنی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان، هیچ کەسێک لەخوارەوە بۆ سەرەوە جورئەتی ئەوەی نەکردوە بپرسێ، ئایا کاک نەوشێروان بە چ شەرعیەتێک ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕانە؟ لەلایەن کێ و چۆن هەڵبژێرراوە؟ بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕان پێویستە ڕێکخەری گشتی لەلایەن جڤاتی نیشتیمانیەوە هەڵببژێرێت. لەماوەی سێ ساڵ و نیوی تەمەنی جڤاتی نیشتیمانی تەنانەت بەیەک تاکە وشەش باس لە ڕێکخەری گشتی و هەڵبژاردنی ڕێکخەری گشتی نەکراوە".


حاجی ئاماژەی داوە بەوەی "بەشێک لە برادەرە کۆنەکانی ناو بزوتنەوەی گۆڕان، بێ هیچ شەرعیەتێک و سیفەتێکی فەرمی بونەتە ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی و بەشداری کۆبونەوەکانی جڤات دەکەن. تەنانەت هەندێکیان خۆشیان زۆر بە بەرزتر ئەزانن لە جڤاتی نیشتیمانی و ئیعترافیشی پێناکەن".


ناوبراو نووسیوێتی "ڕاستیەکەی ئەوەیە کە دروستکردنی بڕیار و دەرکردنی بڕیار لای خودی نەوشێروان مستەفایەو دەزگا فەرمیەکانی بزوتنەوەی گۆڕان زۆر بەکەمی ئاگادارن. ئەگەر جارجار باس لە پرسێکیش دەکرێت، ئەوا لە مەجلیسی چا خواردنەوەی بەیانیانەو ئەویش خۆت و بەختی خۆت ئەگەر لەوێبیت. زۆرجار ئەم مەسەلەیە لەناو بزوتنەوەی گۆڕان و لەگەڵ خودی نەوشێروان مستەفاش باسکراوە، بەڵام ئەو زۆر جار و لە زۆر بۆنەدا وتویەتی ئەوەی ڕازیە ڕازیە، ئەوەی ڕازیش نیە خوا حافیزی بێت".


ئەو ئەندامە دەستلەکارکێشاوەی بزوتنەوەی گۆڕان هەروەها دەڵێت "زۆربەی برادەران لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا گەیشتونەتە ئەو ڕاستیەی کە نەوشێروان مستەفا گۆڕانی بۆخۆی دروستکردوەو خۆیشی چۆن حەزبکات وادەکات. لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە بزوتنەوەی گۆڕانیش نەیتوانی سنوری حزبیە تەقلیدیەکانی ناوچەکە تەجاوزبکات و ببێتە حزبێکی دیموکرات بە پێوەرەکانی دیموکراسی، بەڵکو ئەمیش بوبە حزبی تاکەکەس".



PM:12:50:22/04/2016