ئاماری كوژراو بریندارەكانی مانگی رابردووی عێراق ئاشكراكرا
به پێی ئاماری نێرده‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ هاوكاریكردنی عێراق (یونامی)، له ده‌ره‌نجامی كرده‌وەی تیرۆریستی و پێكدادانی چه‌كداری له مانگی نیسانی ڕابردوو، ٧٤١ هاووڵاتیی عێراقی كوژراون و ١٣٧٤ كه‌سی دیكه‌ش بریندار بوون.
ژماره‌ی كوژراوانی مه‌ده‌نی ٤١٠ كه‌سه (١١ له‌وانه سه‌ر به پۆلیسی فیدراڵی و هێزه‌كانی سه‌حه‌وه و پاسه‌وانانی تایبه‌ت و پۆلیسی پاراستنی داموده‌زگاكان و كارمه‌ندانی ئاگركوژینه‌وه بوون ) و برینداره مه‌ده‌نییه‌كانیش ژماره‌یان ٩٧٣ كه‌سه، ( ٢٠ له‌وانه سه‌ر به پۆلیسی فیدراڵی و هێزه‌كانی سه‌حه‌وه و پاسه‌وانانی تایبه‌ت و پۆلیسی پاراستنی داموده‌زگاكان و كارمه‌ندانی ئاگركوژینه‌وه بوون ). وێڕای كوژرانی ٣٣١ كه‌س و برینداربوونی ٤٠١ له هێزه ئه‌منییه‌كانی عێراق وه‌ك (پێشمه‌رگه و هێزی سوات و هەروەها ئه‌و میلیشیانه‌ی شانبه‌شانی سوپای عێراق ده‌جه‌نگن). ئه‌م ئاماره، قوربانیانی ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییه‌كانی پارێزگای ئه‌نبار ناگرێته‌وه.
جێێ باسە، بە گوێرەی ئامارەکەی یوئێن، ژماره‌ی قوربانیانی ئه‌م مانگه كه‌متره له ژماره‌ی قوربانیانی مانگی ئازار كه له‌و مانگه‌دا ١١١٩ كه‌س كوژران و ١٥٦١ كه‌سی دیکەش بریندار بوون. ئاماره‌كانی ئه‌م مانگه وا ده‌رده‌خه‌ن به‌غدا خوێناوی‌ترین پارێزگا بوو به ٨٧٤ قوربانی سڤیل (٢٣٢ كوژراو و ٦٤٢ بریندار) ، له دوای ئه‌و پارێزگای نه‌ینه‌وا به ( ٧٢ كوژراو و ٣٠ بریندار ). دواتر هه‌ریه‌ك له پارێزگاكانی سه‌لاحه‌دین به (٣٢كوژراو و ٢٤ بریندار)، پارێزگای دیاله به (١٧ كوژراو و ١٥ بریندار) ، پارێزگای كه‌ركوك به( ١٦ كوژراو ١٠ بریندار) و پارێزگای به‌سره به (٨ كوژراو و ١٦بریندار ) دێن. هەروەها به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ته‌ندروستیی پارێزگای ئه‌نبار گه‌یشتۆته ده‌ست نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، ژماره‌ی قوربانیانی ئه‌م پارێزگایه بریتییه له ٢٥٢ قوربانی سڤیل ( ٢٧ كوژراو و ٢٢٥ بریندار ).
له‌م باره‌یه‌وه، یان كۆبیش، نوێنه‌ری تایبه‌تیی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ کاروباری عیراق نیگه‌رانیی قووڵی خۆی سه‌باره‌ت به به‌رده‌وامیی توندوتیژی له عێراق ده‌ربڕی و وتی تیرۆریستان له هێرشه خۆكوژییه‌كانیاندا بازاڕه‌كان، چایخانه و په‌رستگە و سه‌ردانكه‌رانی شوێنه پیرۆزه‌كان به شێوه‌یه‌كی دڕندانه و هه‌ڵمه‌تێكی دڵڕه‌قانه ده‌كه‌نه ئامانج ، بۆ لێكه‌وتنه‌وه‌ی زۆرترین قوربانی و جێهێشتنی نه‌هامه‌تیی گه‌وره‌ی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر به‌سه‌ر دانیشتووان".
PM:04:48:03/05/2016