داود ئۆغڵو: لەكاتی كۆنگرەدا دەست لەكار دەكێشمەوە

سەرۆک وەزیرانی تورکیا لە وتارێکیدا کە لەبەردەم بەرپرسە باڵاکانی پارتەکەی پێشکەشیکرد رایگەیاند "لەكاتی بەستنی كۆنگرەی ئاكپارتی دەستلەکار دەکێشمەوە".

ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکوەزیرانی تورکیا كە هاوكات سەرۆكی ئاكپارتییە، لەبارەی دۆخی سیاسی تورکیا و حکومەت و دۆخی نێوخۆی ئاکپارتی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ئەنجامدا و تێدا رایگەیاند، "دوای ئەوەی لەسەردەمی سەرۆکایەتی ئەردۆغان وەک سەرۆکوەزیران دەستبەکاربووم، هەوڵەکانم لە حکومەت لەپێناوی ئەوەدابوو کە دۆخی ئەمن، سیاسیی و سەقامگیریی بۆ تورکیا پەرەپێبدەین. کارمان بۆ ئەوە کردووە کە بەهەموو شێوەیەک سەقامگیریی و ئەمنییەت بۆ تورکیا بپارێزین".

وتیشی "دەبێت دووبارە هەڵسەنگاندن بۆ ئاکپارتی بکەینەوە و ئۆرگانەکانی لەسەرجەم تورکیادا رێکبخەینەوە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ئاکپارتی بەهێز و توانایەکی باشترەوە بێتە مەیدان و کاری سیاسیی و مەدەنیانەی خۆی ئەنجامبدات، لەگەڵ ئەوەشدا لەماوەی رابروودا بەڵینەکانی کاتی هەلبژاردنمان بردووەتە سەر و جێبەجێمان کردوون کە لەکاتی هەڵبژاردندا رامانگەیاندبوو، لەگەل ئەوەشدا هەندێک لایەن بە ئامانج و مەبەست دژایەتی ئاکپارتیان کردووە".

ئەحمەد داودئۆغڵو، ئاماژەی بەوەشکرد، هەرگیز خوازیاری وەرگرتنی پۆست و پایە نەبووە  و ناشبێت، بۆیە بڕیاریداوە لەکاتنی بەستنی کۆنگرەی ئاکپارتی دەستبەرداری پۆستەكەی ببێت و خۆی بۆ پۆستی سەرۆکی ئاکپارتی نەپاڵێوێتەوە.

گوتیشی "ئاکپارتی توانای بەردەوامبوونی هەیە و  دەتوانێت کارەکانی ئەنجامبدات و هیوادارم لێکترازان لەناو ئاکپارتیدا روونەدات، من لە کاتی پۆستی وەزیری دەرەوە و سەرۆکوەزیرانیشدا هەمیشە بەو ئامانجە کارمکردووە کە خڵکی تورکیا سەربەرزانە دەرکەون و رووی تورکیام بەجوانی هێشتووەتەوە".





PM:03:24:05/05/2016