دوایین ئاماری كوژراوەكانی شەڕەكەی دوێنێی سەردەشت لە رۆژهەڵاتی كوردستان

دوێنی چوارشەممە لەناوچەی سەردەشت لە رۆژهەڵاتی كوردستان، شەڕ لەنێوان پاسدارەكانی ئێران‌و هێزێكی كوردی دروستبوو كە بەهۆیەوە ژمارەیەك جاش‌و پاسدار كوژران‌و برینداربوون.

بەپێی هەواڵێكی ماڵپەڕی زاگرۆسپۆست، سەرلەبەیانی چوارشەممە لە گوندەكانی هەمران، مێونێ‌و سارتكێ لە ناوچەی سەردەشت‌و زمزیران شەڕ‌و پێكدادانێك لەنێوان هێزەكانی سپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی‌و هێزێكی كوردی رویدا كە بەهۆیەوە ژمارەیەك جاش‌و پاسدار كوژران.

بە پێی زانیارییەكان لەو شەڕەدا ژمارەیەك جاش لەوانە: محەمەد ئەبوبەكری ناسراو بە محەمەد مەلا وسوی باوێ، رەحمان مەلا شێخی برای حەمەی سمێڵ، ناسر خەڵكی مێونێ، ئەحمەد خەڵكی مێونێ، هەژار خەڵكی كانییە زەردی سەردەشت، عەبدوڵا خەڵكی كانییە زەردی سەردەشت، هەروەها كەسێكیش خەڵكی شینوێ.

لەو شەڕەدا هەروەها 10 پاسدار كوژراون‌و زیاتر لە 18 پاسداری دیكە برینداربوون.

تا ئێستاش ئاشكرا نیە كام یەك لە حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان ئەو شەڕەیان كردوە، بەڵام هەر دوو حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران‌و حیزبی دیموكراتی كوردستان بە شێوەی نافەرمی‌و لەلایەن ئەندامەكانی خۆیانەوە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان خۆیان بە خاوەنی ئەو شەڕە دەزانن.



PM:03:34:05/05/2016