مەسعود بارزانی و نێچیرڤان ئامادەنەبوون پێشوازی لە سەلیم جەبوری بکەن

شەو و رۆژێک د. سەلیم جەبوری لە سلێمانییەو هەوڵی دا چاوی بە مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی بکەوێت، بەڵام هەردووکیان رەتیانکردۆتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پارتی دیموکراتی کوردستان بە سپی راگەیاند " پێش ئەوەی د. سەلیم جەبوری لە بەغداوە رێکبکەوێت بۆ هەرێمی کوردستان پەیوەندی بە بەرپرسانی پارتیەوە کردووە کە کۆبوونەوەی لەگەڵ مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی بۆ رێکبخەن، بەڵام کەسیان ئامادەنەبوون لەگەڵیدا کۆببنەوە".

سەرچاوەکەی سپی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە لەشەوی رابردووشەوە کە سەرۆکی پەرلەمان گەیشتۆتە سلێمانی لە رێگای فراکسیۆنی پارتیەوە داوای کردووە کە بارزانی و نێچیرڤان ببینێت، بەڵام ئەو دوو بەرپرسەی پارتی رەتیان کردۆتەوە.

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کە پەیوەندییەکی توندتۆڵی لەگەڵ بەرپرسانی کوردو بەتایبەتی پارتی هەبوو، پێدەچێت رووداوەکانی هەفتەی رابردووی پەرلەمانی عێراق و هێرشکردنە سەر ئەو دەزگا شەرعیەو بێ دەنگی و بێ هەڵوێستی سەرۆکی پەرلەمان، هەڵوێستی بارزانی و پارتی لەسەر ئەو کەسایەتییە سونیە گۆڕیبێت. 



PM:10:54:08/05/2016