پارتی: رێککەوتنی یەکێتی‌و گۆڕان لە سنوری سلێمانی دەرناچێت

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دەڵێت" دەبێ گۆڕان باش بزانن‌و تێ بگەن، ئەگەر رێكەوتنەكەیان بەفشارو دژ بەپارتی دەبینن، ئەوە بەدڵنیاییەوە رێكەوتنەكەیان لەزەمینی سلێمانی دەرناچێ وهیچ كاریگەرییەكی نابێ".

ئومێد خۆشناو سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی كوردستان لەبارەی رێكەوتنی نێوان گۆڕان‌و یەكێتی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لە نووسینێکدا، دەڵێت" دوای حەوت مانگ بزربوون ونادیاری رێكخەری گۆڕان بەبێ هۆكارێكی رون ودیارو هاتنەوەی بۆ گردەكە، پرس وباسی رێكەوتنی نێوان ئەم دو حزبە زۆری لەسەر دەگوترێ وهەمیشە لەو پێڤاژۆیە ناوی پارتیش دەهێنرێت”.

لە درێژەی نووسینەکەیدا سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، دەڵێت " هەڵبەت هەموولایەك باش وەبیریانە، لەزەمەنی ئینشیقاق وماڵ جیاكردنەوەی گۆڕان لەیەكێتی، پارتی دیموكراتی كوردستان دڵخۆش نەبوو بەوەی كەحزبە هاوپەیمانەكەی گرفت وكێشەی هەبێت‌و باڵێكی لێی جیا ببێتەوە، وەك چۆن ئێستاش بەردەوام پەرۆشی ناو ماڵی یەكێتیە وەك حزبێكی كاریگەر!”.

ناوبراو دەڵێ‌ "هەر بۆیە ئێستاش، بەر لەگەیشتن‌و راگەیاندنی ئەو رێكەوتنەی كەگوایە دەكرێت، پارتی پیرۆزبایی پێشەكی كردووەو دەیكات. بەڵام دەبێ هەڵگرانی ئەو تێفكرینە نالۆژیكیەی كەبەشێك لەسەرانی گۆڕان هەیان بوە‌و پێیانوایە لەدژایەتی پارتی هەرچی لەچنگیان بێت دەیكەن باش ئەوە بزانن كە زۆر رێگایان تاقیكردەوەو لەئەنجامدا هیچ بەدەست لێی دەرچون!”.



PM:12:15:09/05/2016