ماڵپەڕی فەرمی یەكێتی ریكلام بۆ ماڵپەڕێكی فەرمی ئێران دەكات


ماڵپەڕی فەرمی یەكێتی نیشتمانی كوردستان (PUKmedia) لەلای سەروی ماڵپەڕەكەی ریكلام بۆ ماڵپەڕێكی فەرمی ئێران دەكات كە سەر بە دەنگ‌و رەنگی فەرمی كۆماری ئیسلامی ئێران (رادیۆ‌و تەلەفزیۆن)ە.

ماڵپەڕی هەفتەنامەی "جام كوردی" لە بڵاوكراوەكانی دامەزراوەی (جام جم)ی ئێرانە. ئەو دامەزراوەیە سەر بە رادیۆ تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران (صدا و سیما) یە كە بەرپرسەكەی لەلایەن خودی عەلی خامەنەیی رێبەری ئێران دیاری دەكرێت.

"جام كوردی" سیاسەتەكانی كۆماری ئیسلامی پەیڕەو دەكات‌و لە بابەت‌و بڵاوكراوەنیدا بە ئاشكرا دژایەتی خۆی لەسەر دابەشكردنی عێراق‌و ریفراندۆم‌و ... نیشان دەدات.

لەمبارەیەوە سەرچاوەیەك لە یەكێك لەحیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە لێدوانێك بۆ سپی، رەخنەی لەم سیاسەتەی ماڵپەڕی فەرمی یەكێتی گرت و وتی "ئەمە شیاوی حیزبێكی سیاسی دەسەڵاتداری هەرێمی كوردستان نیە، تا ئێستا هیچ كام لە حیزبەكانی باشور لەمیدیاكانیانەوە ریكلام یان پشتیوانییان لە ماڵپەڕ‌و بڵاوكراوەكانی حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان كردوە، كەچی ماڵپەڕەكەی یەكێتی ریكلام بۆ ماڵپەڕێكی فەرمی كۆماری ئیسلامی ئێران دەكات".

"دەنگ‌و رەنگ"ی كۆماری ئیسلامی، دامەزراوەیەكی گەورە‌و زەبەڵاحی میدیایی كۆماری ئیسلامییە كە سەرجەم كەناڵە ناوخۆیی‌و دەرەكییەكانی تەلەفزیۆن‌و رادیۆ فەرمییەكانی لە ژێر كۆنترۆڵدایە، هاوكات دامەزراوەی بلاوكردنەوەی سروش‌و دامەزراوەی جام جم سەر بە دامەزراوەی "دەنگ‌و رەنگی" ئێرانە كە بەرپرسەكەی تەنیا لە لایەن عەلی خامەنەیی رێبەری ئێران دەستنیشان دەكرێت.



PM:04:31:15/05/2016