سەرۆکی پەرلەمان: نابێت خۆمان وەک دوژمنان، هەوڵی دابەشکردنی کوردستاندا بدەین

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت" دەرفەتێکمان بۆ درووست بووە، سنوورەکان لابەرین و ئەو دابەشکردنەی سەد ساڵە لەمەوبەر،  دژ بە گەلەکەمان پەیڕەو کرا، ئێستا بە هەماهەنگی نێوان پارچەکانی کوردستان کار بۆ پرۆسەی دیموکراسی و دەوڵەتداریی بکەین."

ئەم وتانەی د. یوسف محەمەد سادق، لەمیانی کۆبونەوەیەکدا بوو لە گەڵ ساڵح موسلیم هاوسەرۆکی پەیەدە  کە ئێوارەی ئەمرۆ یەک شەممە بە ئامادەبوونی نوێنەرانی هەرچوار فراکسیۆنی(یەکێتی، گۆڕان، یەکگرتوو، کۆمەڵ) لە نووسینگەی سلێمانی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە چوو.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، ساڵح موسلیم، سوپاسی پەرلەمانی کوردستانی کرد، کە پشتیوان و هاودەنگی خەباتی ئازادیخواری ڕۆژئاوای کوردستان بووە، بە تایبەتیش لە بڕیاری ناردنی هێزی پێشمەرگە بۆ ڕزگارکردنی کۆبانێ.

 لەبارەی پەیوەندی نێوان ڕۆژئاوا و باشور، موسلیم وتی "ئەگەر ئێمە باس لەوە دەکەین سەد ساڵە دوژمنانی کورد نەتەوەو خاکیان دابەشکردووین، نابێت ئێستا خۆشمان وەک دوژمنان، هەوڵی دابەشکاریی و جیاکاریی لە نێوان پارچەکانی کوردستاندا بدەین."
سەرۆکی پەرلەمان، وتی "کورد ئیرادەیەکی بەهێزی هەیە بۆ ڕووبەڕوبونەوەی تیرۆر، خۆشبەختانە لە شەڕی دژ بە تیرۆرستانی داعش، کوردی هەمو پارچەکان لە یەک سەنگەردا بوون دژ بە تیرۆرستان."

لە بارەی خەباتی خۆرئاواش، سەرۆکی پەرلەمان وتی "سەرکەوتنەکانی ڕۆژئاوا، لە بواری هەنگاونان بۆ دیموکراتی و شەڕی دژ بە تیرۆرستان هەمومانی  خۆشحاڵ کرد."

پاشتر نوێنەری هەر چوارفراکسیۆنەکە، چەند پرس و بابەتێکیان لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان خۆرئاواو باشور، لەگەڵ هاوسەرۆکی پەیەدە خستە ڕوو. دواتر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، یوسف محەمەد و ساڵح موسلیم ناوەڕۆکی کۆبونەوەکەیان بۆ ڕۆژنامەنووسان خستە ڕوو. 



PM:10:50:15/05/2016