"ئەو سنورانەی کە هێزی ناوخۆیی له نێوان بەشەکانی کوردستاندا دەیکێشیت زیاتر زیان بەخشن"

سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان پەیامێك بە بۆنەی 100 ساڵ تێپەڕبوون بەسەر رێكەوتننامەی سایكس بیكۆ بڵاودەكاتەوە.

دەقی پەیامەكە:

پەیامی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بۆ یادی سەد ساڵەی سایکس بیکۆ:
سەد ساڵ لەمەوپێش هێزە ئەوروپیەکان، بە تایبەت بەریتانیا و فەرەنسا، کەوتنە پلانی ئەوەی کە چۆن بەشی رۆژهەڵاتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی له نێوان خۆیاندا دابەش بکەن هەتا رێگە له هێزی تر بگرن بێتە ئەو ناوچەیە و بەرژەوەندیەکانیان بپارێزن.
ئەم بەرنامەی سنوررێژی و دابەشکردنە بەو پەڕی نهێنی، بەبێ هیچ ئاگاداری و راوەرگرتنێکی دانیشتوانی ئەم ناوچەیە کرا. گەرچی ئەم نەخشە ڕێژیە وەک خۆی جێبەجێ نەکرا، بەڵام هێزە کۆلۆنیالیەکان پاش جەنگی جیهانیی یەکەم، لەسەر بنەمای رێکەوتننامەی سایکسپیکۆ، ڕۆڵی سەرەکیان بینی لە هاتنە ئارای ئەو نەخشەیەی کە ئەمڕۆ له ناوچەکەدایە.
ئەمڕۆ کە سەد ساڵ بەسەر ئەم رێککەتنامەیەدا تێدەپەڕێت، ناوچەکە له دۆخێکی تەواو ئاڵۆز و قەیراناویدایە. دەوڵەتە ناوەندیەکانی ناوچەکە بە تایبەتی عێراق و سوریا تەواو شکستیان هێناوه و ئەستەمە جارێکی تر بگەڕێنەوە دۆخی جارانیان.
ئەم داڕمانەی مۆدێلی دەوڵەتی ناوەندی لە ناوچەکە، بۆ گەلەکەمان کۆمەڵێک دەرفەتی هێناوە. هەتا ئەم چەند ساڵەی پێشو سیستەمی سیاسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەها کاری دەکرد که رێگە بە دەرکەوتن و ئامادەبونی کورد نەدات وەک گەل و نەتەوەیەک. ئەمڕۆ ئەم دۆخە گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا هاتوە. کورد هێزێکی چارەنوسسازە لە ناوچەکەدا. ئەمڕۆ پێشمەرگە و شەرڤان هاوپەیمانی هێزە مۆدرێنەکانی دونیان و شەڕی دژە تیرۆر دەکەن. ئەم دەرفەتە دەبێت بە قازانجی سەرتاپا گەلی کوردستان بشکێتەوە. پاش سەد ساڵ کاتیەتی جارێکی تر نەخشەی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەک دابڕێژرێتەوەکە مافی چارەی خۆنوسین بۆ گەلانی ناوچەکە، بەتایبەت بۆ گەلەکەمان، رەچاو بکرێت و، هەر ئەمەش دەستەبەری سەقامگیری و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی گەلانی ناوچەکە دەکات.
بەڵام بە داخەوە، له کاتێکدا گۆڕانکاریەکانی ناوچەکە دەرفەتی بێوێنەیان بۆ کورد هێناوەتە ئارا، هێزی کوردی هەن، کە درێژە پێدەری تۆخ کردنەوەی ئەو سنورانەن کە کورد بە درێژایی دەیان ساڵ، بۆ نەهێشتنیان قوربانیی داوە.ئەگەر گەلی کورد قوربانی سنورە داڕێژراوەکانی ناوچەکەیە، ئەوا ئەمڕۆ کەمینەیەک لە ڕەوتی بەرفراوانی مەیدانی کوردایەتی، سنور لە نێوان پارچەکانی کوردستاندا دروست دەکەن. سنور نەک بۆ دیاریکردنی قەڵەمڕەوی و دروستکردنی پەیوەندی، بەڵکو سنور بۆ ئابلۆقە و فشارکردن. داخستنی سنوری سێمێلکا بە ڕوی ڕۆژاوا، تەنانەت دابەشکردنەوەی باشور و تۆخکردنەوەی سنورەکانی سەدەمی شەڕی ناوخۆ، درێژەدانە بە سیاسەتی دابەش کردنی کوردستان و، قوڵکردنەوەی زیاتری ئەم دابەشکارییە.
وەک چۆن ئەو سنورانەی کە ئەوانی تر کێشایان مایەی ئازاربون بۆ گەلی کوردستان، ئەو سنورانەی کە هێزی ناوخۆیی له نێوان بەشەکانی کوردستاندا دەیکێشیت یان تەنانەت لە نێوان پارێزگاکانی باشور دا دەیکێشێت،زیاتر زیان بەخشن.
پاش سەد ساڵ له داڕشتنی سنوری دژ بە خواستی خۆمان، کاتی ئەوەیە نەک سنورەکانی سەر خاک، بەڵکو سنورەکانی نێوان کۆمەڵگا و پێکهاتە و زاراوەکانمان نەهێڵین. ئەمەش بە حکومەت و ئیرادەیەکی نیشتمانی دەکرێت. بە بونی دیموکراسی ڕاستەقینە دێتەدی.
بەرز و پیرۆز بێت ئیرادەی بەدیهێنانی ئامانجە نەتەوەییەکانمان..

د.یوسف محەمەد سادق
 سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
١٦-٥-٢٠١٦



PM:01:30:16/05/2016