جەمیل بایک قسە قورسەکەی لەسەر پارتی کرد

هاوسەرۆکی کەجەکە جەمیل بایک رایگەیاند" پارتی شەنگالی رادەستی چەتەکانی داعش کرد و ئێستاش خۆیان وەک پارێزەری شەنگال پێشان دەدەن.
  
لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ رۆژنامەی روناهی، جەمیل بایك رایگەیاند "خۆشبەختانە هێشتا هەمو شتەكان نوێ‌و گەرمن، پارتی ئیزدیەكانی شەنگالی رادەستی چەتەكانی داعش كرد و رۆڵێكی گەورەی گێڕا لەكۆمەڵكوژیی سەر ئیزدیەكان، كەچی ئێستا دێت و دەیەوێت خۆی بە پارێزەری شەنگال و ئیزدیەكان بزانێت، بەڵام بۆ هەمو لایەك ئاشكرایە كە شەنگال، روی راستەقینەی پەكەكە و پارتیشی ئاشكرا كرد”.

هاوسەرۆکی کۆما چڤاکی کوردستان وتیٍشی”هیچ كەس ناتوانێت بەناوی شەنگالەوە دوژمنایەتی پەكەكە بكات، چونكە پەكەكە لەدڵ و میشكی ئیزدیەكاندایە، بەڵام ئەگەر لایەنیك دژایەتی گەریلا و پەكەكە بكات، ئەوە بێگومان ئەو لایەنە دەبێتە مایەی زیانگەیاندن بە پاشەڕۆژی گەلی كورد”.

بایک ئەوەش دەخاتە روو "پەكەكە هاتووە ئیزدیەكانی رێكخستۆتەوە بۆ ئەوەی خۆیان ببنە خاوەن هێز‌و خۆیان خاكیان بپارێزن، ئەوەی پەكەكەش كردویەتی لەشەنگال تەنهاو تەنها بەرپرسیارێتی مێژویی، سیاسی و نەتەوەییە و هیچ كەس ناتوانێت بڵێت بە پەكەكە بۆچی ئەركی خۆتان جێبەجێ دەكەن”.

وتیشی "ئێستا ئیتر ئیزدیەكان خاوەنی هێزو رێكخستنی خۆیانن و هیچ لایەنێك ناتوانێت بۆ بەرژەوەندی خۆی بەكاریان بهێنێت، هیچ كەس و لایەنێكیش چیتر ناتوانێت كۆمەڵكوژیان بكات”.

دەربارەی رەوشی رۆژئاواو سوریاش بە گشتی جەمیل بایک دەڵێت”چیتر لەسوریا، دەوڵەتی ناوەندیی دروست نابێتەوە، بەڵكو سیستمی فیدراسیۆنی دیموكراتی بەرەوپێشەوە دەچێت‌و دەبێت ئەوەش ببێتە چارەسەریی بۆ تەواوی سوریا، ئەگینا بەو شێوازەی كە لەدانیشتنەكانی جنێفدا كار دەكرێت، پرسەكانی سوریا چارەسەر نابێت”.



PM:09:36:23/05/2016