تاڤگە ئەحمەد: بارزانی ماوەی بەسەرچووەو پارتیش کودەتای کردووە

تاڤگە ئەحمەد پەرلەمانتاری عێراق وەڵامی ماڵپەڕی فەرمی پارتی دەداتەوەو دەڵێت" بارزانی ماوەو بەسەرچووەو پارتیش کودەتای بەسەر شەرعەیەتدا کردووە".

لە روونکردنەوەیەکدا کە دانەیەکی بۆ سپی نێردراوە، تاڤگە ئەحمەد پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی عێراق لە سەر بڵاوکردنەوەی هەواڵێک بەناوی ئەوەوە کە بارزانی وەک" سەرۆک" ناساندووە، دەڵێت" مەسعود بارزانیم بەسەرۆکی هەرێم هەژمارکردبا ئەوا هەرگیز بزوتنەوەی گۆڕان بڕیاری دوورخستنەوەی بەندەی  ئیعلان نەدەکرد".

دەقی روونەکردنەوەکە

ڕوونکردنەوەیەک لە پەرلەمانتار(د.تاڤگە ئەحمەد میرزا)وە بۆ ڕای گشتی...
 kdp.info   سایتی 
سەر بە(پارتی) ڕۆژی ٢٢/ ٥/ ٢٠١٦ بابەتێکی بەناوی بەندەوە بڵاو کردۆتەوە بەناونیشانی (تاڤگە ئەحمەد: به‌ره‌ی چاكسازی له‌ هه‌ڵوێستی كورد و سه‌رۆك بارزانی زۆر ڕازییه‌)

دەمەوێت بڵێم ئەگەر بەندە (مەسعود بارزانیم بەسەرۆکی هەرێم هەژمارکردبا ئەوا هەرگیز بزوتنەوەی گۆڕان بڕیاری دوورخستنەوەی بەندەی  ئیعلان نەدەکرد)!...
منێک بە درێژایی دووساڵ لەتەواوی کەناڵە عەرەبی و کوردیەکان زۆر بەڕاشکاوی هەڵوێستی خۆم دەربڕیوە بەتایبەت دوای (١٩ی ئابی ٢٠١٥ و ١٢/١٠/ ٢٠١٥) کە یەکەمیان وادەی کۆتایی هاتنی مەسعود بارزانیە وەک سەرۆکی هەرێم  و دووەم ئینقلابکردنی حزبەکەی بارزانیە بەسەر شەرعیەت و ڕێگری لەسەرۆکی پەرلەمان و هاوەڵەکانی بۆ چوونە ناو هەولێرو ئاودیوکردنی هەر چواروەزیرەکەی بزوتنەوەی گۆڕان  بەبڕیاری مەکتەب سیاسی پارتی!...

پاشان سەبارەت بەو بابەتە بەندە ڕای بەرەی چاکسازیم ووتوە وەک خۆی گواستومەتەوە  نەک ڕای تایبەتی خۆم وەک تاڤگە ئەحمەد ، کاتێک وەفدی بەرەی چاکسازی چونەتە هەولێر لە میدیاکانەوە بەگشتی ئەو قسەیان  راگەیاندووە!...
خۆ ئەگەر هەر زۆر سوورن لەسەر بۆچوون و ڕای بەندە دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ بەرنامەی (ئەمڕۆ)ی کەناڵی (پەیام) لە ٢٢ / ٥ / ٢٠١٦کاتژمێر (١٠) .
وەفدەکەی بەرەی چاکسازی پێکهاتبون لە پەرلەمانتاران( هشام السهیل، احمد الجبوری ، محمد نوری العبد ربه، نایف الشمری ، عادل المحلاوی)

دواتر  بەکارهێنانی ووشەی (بەڕێز) بۆ ناوی بارزانی تەنها بەرزی پەروەردەی بەندە دەردەخات و من سیاسەت و ململانێی سیاسی دەکەم ، نەهەرزەی سیاسیم و نە نەزۆکی فکریم هیە!...
د. تاڤگە ئەحمەد میرزا
٢٣/٥/ ٢٠١٦



AM:12:03:24/05/2016