فاروق رەفیق: گۆڕان شکستی خواردووەو دژ بەئازادیە

رۆشنبیری دیار فاروق رەفیق لەسەر رێککەوتنی گۆڕان و یەکێتی دەڵێت" گۆڕان شکستیخواردووەو دژ بە ئازادی بەیانەو رەخنە لە کەس قبوڵ ناکات".

لە چاوپێکەوتنێکی تایبەت لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، رۆشنبیری دیار، فاروق رەفیق رەخنەی قورس لە رێککەوتنی نێوان گۆڕان و یەکێتی دەگرێت و دەڵێت" ئەو رێککەوتنە کۆتایی هێنان نییە بەقەیران، بەڵکو بەشێکە لە قەیران، رووی دەمی لە خەڵکێکە کە تووشی بیرچونەوەو ئەلزەهایمەربووبێت، بۆ خەڵکانێکە وابزانی خڵەفاوە".

فاروق رەفیق کە یەکێک بوو لە کەسە دیارەکانی خۆپیشاندانەکانی ١٧ ی شوباتی ٢٠١١ دەڵێت" کوان ئەوانەی گۆڕان کە داوای گۆڕانکاری ریشەییان دەکرد".

ناوبراو ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ئەو دوولایەنە لایەنێکیان کردووە بە دەسەڵات کە پارتیەو بەرپرسیارێتی دەخەنە ئەستۆی ئەو، لەکاتێکدا یەکێتیش بە درێژایی ساڵانی رابردوو شەریک بووە" پارتی و یەکێتی وەک یەک بەرپرسن لەم شکستە".

ئەو درێژە بە قسەکانی دەدات و دەڵێت" سەرکردە گەنجەکانی گۆڕانی لێدەربکە، کۆنە یەکێتییەکانی ناو گۆڕان ئەندازیاری ئەو سیستەمە شکستخواردووە".
فاروق رەفیق دەپرسێت" کێ حیزب و حکومەتی تێکەڵ کرد، کێ هەموو فیئەکانی خانەنشین کرد".
لەسەر هۆکاری رێککەوتنەکە ئەو رۆشنبیرە دەڵێت" گۆڕان هێزێکی شکتخواردووی سیقەی بەخۆی نییە، بۆیە ئەم رێککەوتنەی ئەنجامدا، هەرچی یەکێتیە لێپرسراو و شکستخواردووەو پێویستی بە فریاد رەسێک هەبوو بیگەڕێنێتەوە بۆ چوار گۆشەی یەکەم".
فاروق رەفیق رەخنە لە ئامادەبوونی رۆژنامەنووسانی میدیای ئەهلی دەگرێت کە لەرۆژی مەراسیمی رێککەوتنەکەدا لە ریزی پێشەوە دانیشتبوون شیریان دەخوارد.

ناوبراو دەڵێت" زمانی رێککەوتنەکە عەوام فریووە".

ناوبراو پێشبینی شتی خراپ لە ئەنجامی ئەو رێککەوتنە دەکات  و پێیوایە پارتی پەرچەکرداری خراپی دەبێت.

فاروق رەفیق پێیوایە هێزە سیاسیەکانی و کۆمەڵگای ئێمە تا ئێستا لە هەلومەرجی شەڕی چاڵدێراندایە کە کوردستان بووە بە دوو بەشەوە بەشێکیان سەر بە دەوڵەتی سەفەوی و ئەوی تریان سەر بە دەوڵەتی عوسمانین.



PM:09:44:24/05/2016