سەلاحەدین بەهادین نهێنی خۆ کاندیدکردنەوەی بۆ پۆستی ئەمیندار ئاشکرا کرد

سەلاحەدین بەهادین ئەمینداری پێشووی یەکگرتووی ئیسلامی لە نامەیەکی کراوەدا هۆکاری خۆکاندیدکردنەوەی ئاشکرا دەکات و دەڵێت" بەتەکلیفی خووشک و برایانی یەکگرتوو بووە".

دەقی نامەکەی سەلاحەدین بەهادین
 
بەناوی خوای گەورەو میهرەبان
برایان و خوشکانی ماندونەناسی کاروانی شکۆداری یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان
گەنجە خوێن گەرمەکان و سەرکردەکانی داهاتووی ئەم وڵاتە
جەماوەری سەربڵندی کوردستان

السلام علیکم و رحمە الله

ئەمڕۆ لە دوا ساتەکانی پێشوازیمان لە کۆنگرەی حەوتەمی حیزبدا ، وەک پاسەوانێکی کاروانی ئیسلامی کوردستان و چەندین ساڵ باخەوانی پڕ بەرهەمی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان کە لە چەند کاتژمێرێکی داهاتوودا دەچێتە وێستگەیەکی گرنگ لە ژیانی سیاسی هەرێم و عێراق و ناوچەکە، دەمەوێ چەند پەیڤێکتان عەرز بکەم :

تەمەنی سیاسیم و پێگەی کۆمەڵایەتی و فیکری و سەرقاڵیم بە نووسین و چەندین کاروباری لەم بابەتە، دەرفەتی ئەوەی نەدەدام هەرگیز بیر لەوە بکەمەوە، کە دوای چوارساڵ لە وازهێنانێکی نەوعی، کە لە رووی شەخسییەوە بۆ خۆم و حیزبەکەم دەستکەوتێکی مێژوویی بوو، جارێکی تر خۆم بۆ پۆستی ئەمینداری گشتی یەکگرتوو کاندید بکەمەوە، بەڵام هەمیشە وەک پاسەوانێکی کاروانی یەکگرتوو ئامادە نیم لەپێناو تۆمارکردنی سەروەری شەخسی لێپرسراویەتی و ئەرکی یەکگرتووەکەمان پشتگوێ بخەم، ئەگەر یەکگرتووەکەمان بەهێز نەبێی و یەکریز و یەکدەنگ نەبێ و دەنگی دلێر نەبێ من چی لە شانازی بە مێژووی خۆمەوە بکەم؟!

بۆیە وەک هەستکردنێک بە بەرپرسیارێتی لە بەرامبەر خوای گەورە و بۆ پاسەوانی پڕۆژەی ئیسلامی و، بەرامبەر مافی ئەو خوشک و برا و گەنجە ئازیزانەی هەژدە ساڵ و پێشتریش چەندین ساڵ لە خزمەتیاندا بووم و، بە رەچاوکردنی پێشهاتەکان و تێبینی لەسەر رووداوەکانی چوارساڵی رابردوو، دەخوازێت ماوەیەکی دیاریکراو لەسەر داخوازی کۆمەڵێک لە دڵسۆزانی یەکگرتوو، جارێکی دیکە ئەم ئەرکە بگرمەوە دەست.

ئەم هەنگاوەش بۆ تەواوکردنی ئەو ئەرکانەیە کە دەبوو بیکەین لە ناو حیزبدا و پێشتر بۆمان نەکراوە، هەروەها ئامادەکردنەوەی یەکگرتووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو ئیستیحقاقانەی کە گۆڕانکاری هەلومەرجە کوردستانی و هەرێمایەتییەکە هێناویەتیە پێشەوە.

مەبەستمە ئەوەش بڵیم کە لە دوای بەدەستهێنانەوەی متمانەی کۆنگرە ان شا‌و الله، بە پێی توانا لە ماوەی داهاتوودا بە پشتیوانی خودا و هاوکاری ئەندامانی خاوەن هیمەت و بلیمەتی یەکگرتوو، پرۆژەی ئاشتەوایی نیشتمانی هەرێمی کوردستان پەرەپێ بدەین و، دۆخە نالەبار و لاسەنەگەکەی رێکبخەینەوە، لەپێناو کەمکردنەوەی نەهامەتییەکانی گەلەکەمان کە بەچەندین کێشەوە دەناڵێنن، لە سەرووی هەموویانەوە جەنگی داعش و نەبوونی موچە و دەرامەت، کە ئیدی نابێ سیاسییەکان لەبری چارەسەر ئەوەندەی دیکە کێشە دروست بکەن.

هەروەها پرۆژەیەکی دیکەشمان هەیە بۆ رووبەرووبوونەوەی فیکری توندڕەوی ئیسلامی و داعش و هاوبیرەکانی کە بوونەتە بەڵا بەسەر کاروانی ئیسلامی و موسڵمانانەوە و، هەرگیز رێگە نەدەین لە کوردستان زەمینە بۆ ئەو گروپانە دروست ببێ و، خۆشبەختانە یەکگرتووەکەشمان پێشەنگە لەو بوارەدا کە چەندین رۆڵەی لە دژی ئەو فیکرە پەروەردە کردووە و دەبێ لە ئاستی گەورەیی هەرەشەکەدا بین و بەهاوکاری و هاوسەنگەری لایەنە ئیسلامیەکان بەردەوام بین لەو جەنگەدا شان بەشانی پێشمەرگە قارەمانەکان، ئێمەش ئەرکی مەدەنی و فیکری خۆمان بەجێ بهێنین.

بۆ ناوخۆی حیزبیشمان، یەکگرتوو حیزبی خەڵکە و دەبێ هەمیشە لە بەرەی خەڵکدا بێ،
جەماوەری خەڵکی کوردستان یەکگرتوویەکی ناسیوە کە بە دەستێکی خزمەتی کردووە و بەدەستەکەی تری رۆڵەکانی بە جوانترین رەوشت پەروەردە کردووە،
هاوڵاتیانی کوردستان، یەکگرتوویەکیان ناسیوە کە خەباتی دابینکردنی عەدالەت و پرۆسەی چاکسازی کردووە و، هەرگیز لەگەڵ زوڵم نەبووە و نابێ، پشتیوانی مەزڵومان بووە و لەهەر شوێنێک قسەی هەق پێویست بووە کردوویەتی.

یەکگرتووەکان حیزبێکیان دەوێ کە پاشکۆی کەس نەبێ و خاوەنی سەربەخۆیی بڕیاری خۆی بێت

یەکگرتوو حیزبی هەموو کوردستانە و زامنێکی گەورەیە بۆ پاراستنی یەکپارچەیی هەرێم و، دژایەتی پارچەپارچە بوونی هەرێمی کوردستان. مەسەلەی هاوسەنگی لە حزوری حیزبی و سیاسی دەڤەرەکانیش و رێگرتن لە لەتبوونی بڕیار و هەڵوێست بەسەر دوو جەمسەرە سیاسی و ئیدارییەکەی هەرێمی کوردستاندا ئەرکی سەرەکیمان دەبێ.
بە پێویستیشی دەزانم کە جارێکی دیکە گرنگی بدەینەوە بە بەرنامەیەکی دیاریکراو بە هاوسەنگی لە بایەخدان بە دەعوە و پەروەردە و سیاسەت کە سێ رەهەندی سەرەکی پرۆژەی یەکگرتوون لە چەند ساڵی رابردوودا، کە بەداخەوە کەم کەم ململانێی سیاسی و هەڵمەتی حیزبی زاڵ بووە بەسەر پەروەردەی تاک و بانگەوازی گشتی لەناو یەکگرتوودا، بۆیە ئەمەش رێکخستنەوەی جددی پێویستە و دەمانەوێ لەم خولەدا وەک قۆناغێکی راگوزەر بۆ رێکخستنەوەی ئەم پرسە کۆشش بکەین و بەرنامەی پێویست دارێژین.

بۆ برایان و خوشکانی ئازیزم بەتایبەتی بەشداربووانی کۆنگرەی حەوتەم ئەڵێم :

وێڕای سڵاو و رێز بۆ هەموو لایەکتان.. دەخوازم بەگیانێکی برایانە و بە ئەخلاقە جوانە یەکگرتوانەکەتان کۆنگرەکەتان بڕازێننەوە و، لە ئاستی گەورەیی یەکگرتووەکەتاندا بن و، هەر ئەوەش چاوەڕوان دەکرێ، بۆ پاراستنی کەشوهەوای ئیمانی خۆتان و جوانترکردن و سەرکەوتنی کۆنگرەکە بکۆشن و، بۆ دەرکردنی بڕیار و راسپاردە و ستراتیژی شایان و گونجاو لەگەڵ هەلومەرج و دۆخەکە و سەلامەتی پرۆسەکانی هەڵبژاردنی پۆستەکان بە هەستێکی بەرپرسیارانە و هەناسەیەکی برایانە جەخت بکەنەوە و، بە دەنگی زوڵاڵی خۆتان بیڵێنەوە کە یەکگرتویی یەکگرتوو هێڵی سوورە و، ئیسلامی بوونمان وەک مەرجەع و ئاین و بەها ئەخلاقیەکان شناسنامەمانە و، کوردستانی بوونمان وەک خاک و وەک خەڵک و وەک قەوارەی سیاسی لانەو شانازیمانە..

پشتیوان بەخوای گەورە وەک هەمیشە لەم کۆنگرەیەشدا دۆستەکانمان دڵخـۆشتر دەکەین و کارەکانی کۆنگرە بەسەرکەوتوویی بە ئەنجام دەگات .

هەر لێرەشەوە سڵاوی تایبەت بۆ بەڕێزان کاندیدەکانی ئەمینداری دەنێرم و پیرۆزبایی لە هەموان دەکەم..

سوپاسی متمانە و ئیصراری ئەو براو خوشکانە



PM:07:27:27/05/2016